میدیاکانی ئێران: ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت

"ئەو پرۆسەیە خەریکە دەکەوێتە سەر پێی خۆی"

K24 - ھەولێر

میدیاکانی ئێران ئاماژە بە بەردەوامی هەوڵەکان بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن، ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان خەریکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاژانسێكی نزیك لە سوپای پاسداران لە راپۆرتێکدا لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ تورکیا ئاماژەی بە پرسی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان وەك تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی بەرپرسە سەربازییەکانی ئێران و تورکیا کردووە.

 دەشڵێت، سەرەڕای نیگەرانییەکان، هەوڵەکان بۆ بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ئەو پرۆسەیە خەریکە دەکەوێتە سەر پێی خۆی و لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

ئەو راپۆرتەی میدیاکانی ئێران دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا و دوای لێدوانەکانی بەرپرسانی سەربازی ئێران، وەزارەتی پێشمەرگەی ‌حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئه‌مه‌ بابه‌تێكی ناوخۆیی كوردستانه‌ و جگه‌ له‌ گەلی کوردستان‌، هیچ كه‌سێك بۆی نییه‌ لەو ‌باره‌وه‌ قسه‌ بكات.