مەسروور بارزانی: ئەگەر ھەوڵدان بۆ سەربەخۆیی موجازەفە بێت بە دڵنیاییەوە ژێردەستەیی كارەساتە

"ریفراندۆم پێویستی بە پشتیوانی یان بە مۆڵەتی ھیچ لایەنێك نییە"

K24 - ھەولێر

مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكی لەگەڵ رۆژنامەی باس رایگەیاندووە: "گەورەترین موجازەفە ئەوەیە ژێر دەستە بیت، مێژوو شاھیدە چیمان بەسەرھاتووە، كاتێك گەلی ئێمە جینۆساید، كیمیاباران، ئەنفال، دەربەر و زیندانی دەكراین، خاوەن وڵاتی خۆمان نەبووین بۆیە كەس بەھانامانەوە نەدەھات، كام وڵاتی سەربەخۆ وازی لەسەربەخۆیی ھێناوە بۆ ئەوەی موجازەفە نەكات؟ ئەگەر ھەوڵدان بۆ سەربەخۆیی موجازەفە بێت بە دڵنیاییەوە ژێردەستەیی كارەساتە".

لە بەشێكی دیكەی دیمانەكەدا مەسروور بارزانی، تیشك دەخاتەسەر باوەڕ بەخۆ بوونی گەل بۆ دەستەبەركردنی مافەكان و دەڵێ: "پێش ھەموو شتێك، متمانە لە ناخی خۆمانەوە دەست پێدەكات، مافی سەربەخۆیی مافێكی سرووشتی و یاسایی خۆمانە، گەورەترین كێشە ئەوەیە كە گومان لەسەر ئەو مافە دروست بێت و بڕوامان بە خۆمان نەمێنێت كە ئێمە دەتوانین ئەو مافە دەستەبەر بكەین، كەی خۆمان متمانەمان بە خۆمان بەھێز بوو ئامادە نەبووین بە كەمتر لە مافی خۆمان رازی بین، ئەو كات نەك ھەركەس ناتوانێت رێگەمان لێ بگرێت، بەڵكو رێزیشمان زیاتر دەگیرێت".

ھەر لەو دیمانەیەدا راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو: "ریفراندۆم پێویستی بە پشتیوانی یان بە مۆڵەتی ھیچ لایەنێك نییە، بەڵكو بڕیاری خەڵكی كوردستانە، بەڵام ئەگەر پشتیوانی نێودەڵەتی ھەبێت، بێگومان باش دەبێت، ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە كە ریفراندۆم بە سەركەتوویی ئەنجام بدرێت، ریفراندۆم راپرسییە و ئامانج لێی سەربەخۆییە، لەبەر ئەوە پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی زۆر گرنگە".

مەسروور بارزانی دەشڵێت: "ھەر بیانووێك بۆ دژایەتی ریفراندۆم ھەبێت كارێكی خراپ و بێ بنەمایە و دژی بەرژوەندی وڵات و گەلەكەمانە، لەوانەیە ھەندێك لەوانەی دژایەتی دەكەن مەبەستیان پاراستنی بەرژوەندی بازرگانی یان سیاسی خۆیان بێت لەگەڵ حكوومەتی عێراق یان وڵاتێكی تر، چونكە ھەموو ئومێدێكی مانەوە لەو بەرژەوەندییەدا دەبیننەوە".

 ده‌قی گفتوگۆی رۆژنامه‌ی باس له‌گه‌ڵ مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان.  

(باس) بەڕێز کاک مەسرور بارزانی، خەڵک بەگشتی، چ ئەوانەی زۆر بەپەرۆشەوە پشتیوانی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و چ ئەوانەش کە نەیارن و بە ئاشکرا دژایەتیی ئەم پرۆسەیە دەکەن، ھەست بەو متمانە بەھێزەی سەرۆک بارزانی و بەڕێزتان و پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەکەن، کە بۆ سەرکەوتنی ریفراندۆم لاتان دروست بووە، دەکرێ بۆمان روون بکەنەوە، ئەو متمانەیە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

مەسرور بارزانی: پێش ھەموو شتێک، متمانە لە ناخی خۆمانەوە دەست پێ دەکات، مافی سەربەخۆیی، مافێکی سروشتی و یاسایی خۆمانە. گەورەترین کێشە ئەوەیە کە گومان لەسەر ئەو مافە دروست بێت و بڕوامان بەوە نەمێنێت کە ئێمە دەتوانین ئەو مافە دەستەبەر بکەین. کەی خۆمان متمانەمان بە خۆمان بەھێز بوو و ئامادە نەبووین بە کەمتر لە مافی خۆمان رازی بین، ئەوکات ئیتر نەک تەنیا کەس ناتوانێت رێگەمان لێ بگرێت، بەڵکوو رێزیشمان زیاتر دەگیرێت. جەنابی سەرۆک ئەو متمانەیەی بۆ خەڵکی کوردستان دروست کردووە کە کەمتر نین لە ھیچ نەتەوەیەکی تر. ئێمە پێش ھەموو کەس، پشتمان بە خوا و ئینجا خەڵکی کوردستان بەستووە، دڵنیاشم ئەگەر گەلی ئێمە خۆی بە کەمتر لە خەڵکی تر نەزانێت، دەتوانین بەو مافە شاد بین.

 وڵاتانی تریش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی مامەڵە دەکەن و بەرژەوەندیی درێژخایەنی ھیچ وڵاتێک لەوەدا نییە دژایەتیی خەڵکی کوردستان بکات. لەبەرئەوە ریفراندۆم دەربڕینی ھەستی گەلەکەمانە و گومانم نییە لەوەی کە بەشداریکردنی دڵسۆزانی گەلەکەمان ئەم ریفراندۆمە سەردەخات.    

(باس) لە کۆنفرانسی (کوردستان.. ھاوپەیمانی ستراتیجیی ئەمریکا لە ناوچەکە) کە لەم دواییەدا لە ئەمریکا بەڕێزتان تێیدا بەشدار بوون، بینیمان کە کۆمەڵێ کەسایەتیی گرنگی ئەو وڵاتە، چ لە ئاستی کۆنگرێسمانەکان و چ لە ئاستی سیاسەسەتمەدارە گرنگەکان و ژەنەراڵە سەربازییەکان و چ ئەو کەسایەتییانەی کە دەکرێ بڵێین کاریگەرییان ھەیە لەسەر ناوەندەکانی بڕیاری ئەو وڵاتە، داکۆکی و پشتیوانیی بەھێزی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، دەربڕی، ئەو پشتیوانییانە چ کاریگەرییەکیان ھەیە لەسەر رای رەسمیی حکوومەتی ئەمریکی لەسەر ریفراندۆم؟

مەسرور بارزانی: ئەمریکا وڵاتێکە، گرنگیی زۆر بە رای گشتیی ھاووڵاتیانی دەدات. لەو کۆنفرانسەشدا خەڵکێکی زۆر بەئەزموون و بەڕێز ئامادە بوون و چەندین کۆنگرێسمان و کەسایەتیی دیاری سیاسی و سەربازیی ئەو وڵاتە بەشدارییان کرد. ئەوانەش بەشێک بوون لەو کەس و لایەنانەی بەڕاشکاوی پشتگیریی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەکەن. بڕیاربەدەستانی ئیدارەی ئەمریکاش تا رادەیەکی زۆر ھەڵسەنگاندن بۆ رای خەڵکی خۆیان دەکەن، بۆیە تا ئێمە زیاتر بتوانین پشتیوانیی گەلی ئەمریکا بەدەست بێنین، دەتوانین زیاتر کاریگەری لەسەر ھەڵوێستی فەرمیی حکوومەتی ئەمریکا بکەین.

(باس) ھەر لەو کۆنفرانسە، بە شێوەیەکی راشکاوانە ئاماژە بە پاراستنی کوردستان کرا لە دوای شەڕی داعش، بەتایبەتیش لەڕووی پتر جێگیرکردنی ھێزی سەربازیی رۆژئاوایی لە ھەرێمی کوردستاندا، لە داھاتوودا چۆن ئەو ھەنگاوانە دەخرێنە بواری پراکتیکی؟ تا چەند کردنەوەی بنکە سەربازییەکان لە ھەرێمی کوردستان دەچنە ئەو خانەیەوە؟

مەسرور بارزانی: ئێمە لەگەڵ ئەمریکا بەرژەوەندیی ھاوبەشمان زۆرە، یەکێکیش لەو بەرژەوەندییانە رووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی و تیرۆریزمە. وەک ئاماژەیەک دەبینین سەرکردایەتیی شەڕی دژ بە داعش لە کوردستان دەکرا و ئیمەش وەک ھێزێک و ھاوپەیمانێکی سەرەکی، توانیمان لەو شەڕەدا سەرکەوتوو بین. بۆیە بۆ بەردەوامبوون لە پاراستنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکەمان، لە داھاتووشدا ھەردوو لامان پێویستمان بە یەکتر دەبێت، بەتایبەتی کە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە ئاراستەیەکی نادیار و جیاواز لە بەرژەوەندی و پرەنسیپەکانی رۆژئاوا گوزەر دەکات، ئەمە وا دەکات کوردستان زیاتر جێگەی بایەخ بێت. بێگومان پێویستە سوود لەم ھەلە وەربگرین و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش بڕیار بدەین.    

(باس) چ کارێک کراوە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ئەندامانی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی، پشتیوانیی ئەنجامی پرۆسەی ریفراندۆمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، بکەن؟

مەسرور بارزانی: لەگەڵ زۆر لەو وڵاتانە بەڕاشکاوی قسە کراوە و داوای پشتیوانیمان کردووە، یان بەلای کەمەوە داوامان کردووە دژایەتیی ئەو مافەمان نەکەن، کە لە چارتەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ھەموو نەتەوەیەک دیاری کراوە. بەڵام پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی پشتیوانیی زیاتر. دژایەتیی ناوخۆ بۆ ریفراندۆم گەورەترین ھەڵەیە کە بیانوو بداتە وڵاتانی تر، کە وەک پێویست پشتیوانمان نەبن. لەبەرئەوە بەرپرسیارێتیی گەورە پێش ھەموو لایەن و وڵاتێک دەکەوێتە سەر خەڵکی کوردستان، تا پشتیوانیی ناوخۆیی زیاتر و بەھێز بێت، ئەوەندەش پشتیوانیی ئەو وڵاتانە ئاسانتر دەبێت بۆمان.

(باس) وەڵامی ئێوە چییە بۆ ئەو وڵاتانەی تێبینیان لەسەر کات (تەوقیتی) ریفراندۆمی کوردستان ھەیە و دەڵێن ئێمە لەگەڵ ریفراندۆمداین، بەڵام لەم کاتەدا باش نییە، یان گونجاو نییە؟

مەسرور بارزانی: ئەوانەی دەڵێن کات گونجاو نییە تەنیا بیانووە، چونکە ھەموو ھۆکارەکانی کە باس دەکرێن، لەڕاستیدا پەیوەندییان بە ریفراندۆمەوە نییە. زۆر ئاسان نییە وڵاتێک بڕوای بە دیموکراسییەت ھەبێت و بڵێت دژی ریفراندۆم دەبم. بەڵام ھەندێک لەو وڵاتانە پێیان وایە خەڵکی کوردستان ھەمیشە رازی بووە واز لە مافی خۆی بێنیت، پێیان وایە ئێستاش بە فشار خستنە سەرمان دەتوانن وا بکەن وڵاتانی ناوچەکە رازی بکەن، نەک خەڵکی کوردستان. چونکە ئەوانەی مافی ئێمەیان پێشیل کردووە، زیاتر داکۆکی لەسەر بەردەوامبوونی پیشێلکردنی مافەکانمان دەکەن، تا  ئەوکاتەی ئێمە خۆمان داوای دەستەبەرکردنی مافەکانمان دەکەین.

کات، دەبێ ئێمە خۆمان دیاریی بکەین، نەک چاوەڕێی وڵاتێک بکەین پێمان بڵێت کەی گونجاوە. ئایا ئەو وڵاتانەی ھەوڵی سەربەخۆییان دا، مۆڵەتیان لە کێ وەرگرت؟ ئایا کە بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان دەکەنەوە، دەڵێن ئەم کاتە گونجاو نییە؟ ئەوە خەتای خۆمانە کە پێمان وایە دەبێ وڵاتانی تر رازی بن بەوەی کەی ئێمە بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین. پێم وایە کاتەکە زۆر گونجاوە و جگە لە بیانوو ھیچ ھۆکارێکی تر نییە ئێمە ئەم بڕیارە نەدەین.

(باس) ھەندێک وڵات بە پاساوی پەرۆشییان بۆ (مانەوەی خاکی عێراق بە یەکپارچەیی) دژایەتیی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، ئایا مانەوەی  عێراق بەم شێوەیەی ئێستا و بە یەکپارچەیی بۆ چەند ساڵێکی تر، بە بۆچوونی ئێوە چی لێ دەکەوێتەوە و چ ئایندەیەک چاوەڕوانی گەلان و پێکھاتە جیاوازەکانی عێراق دەکات؟ 

مەسرور بارزانی: عێراق لەسەر بنەمایەکی ھەڵە و دوور لە خواست و ویستی خەڵکی کوردستان دروست کراوە، بەزۆر لکاندنی نەتەوە و وڵاتەکان پێکەوە، تەنیا کێشە و شەڕ و ناخۆشی بەرھەم دێنێت. ھەر وەک بینیومانە، تا ئێستا عێراق چۆن بووە، بۆ لەمەودواش باشتر نابێت. کەواتە ئەو عێراقە یەکگرتووەی باسی دەکەن، شتێک نییە ھەر لە سەرەتاوە بوونی ھەبووبێت، تا ئێستا خەم لە جیابوونەوەی بخۆن. ھەر بەشێکی عێراق بخوازێت بەیەکگرتوویی بمێنێتەوە و خۆیان ئەوەیان پی خۆش بێت، پیرۆزیان بێت، بەڵام کەس بەزۆر ناتوانێت تا ھەتایە لە عێراقێکدا بمانھیڵێتەوە کە جگە لە نەھامەتی و کارەسات و چەوساندنەوە، ھیچی تری نەبووە بۆ گەلەکەمان. ئەم عێراقە بەم شێوەیە قەت سەرکەوتوو نابێت. جیا لە کوردستان، بەشەکانی تری عێراق و بەتایبەتی سوننە و شیعە یەکگرتوو نین تا بڵێن کوردستان دەبێ بەشێک بێت لە عێراقی یەکگرتوو. عێراقی یەکگرتوو وجوودی نەماوە و لەڕووی پراکتیکییەوە پەرت بووە. تەنیا رێگایەک کە ماوە ئەوەیە یەکتر قبووڵ بکەین وەک دراوسێیی یەکسان و دۆستی یەکتر و ھەر یەکەمان وڵاتی خۆمانمان ھەبێت.

(باس) ئەو وڵاتانەی کە دۆستی کوردستانن، چ بە ڕەسمی و چ لە دیداری تایبەتدا، پشتیوانیی خۆیان بۆ ریفراندۆمی کوردستان لای ئێوە دەربڕیوە، داوای چیتان لێ دەکەن، دەخوازن ئەگەر کوردستان ببێتە دەوڵەت، دەوڵەتێکی چۆن بێت؟

مەسرور بارزانی: ھەموو ئەو وڵات و لایەنانەی پشتیوانی سەربەخۆیی کوردستانن، خۆشحاڵیی خۆیان بە پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینیی کوردستان دەردەبڕن، ھەروەھا دەستخۆشیی ھەوڵی بنیاتنانی دیموکراسی لە کوردستان دەکەن. سەرسامیی خۆیان بە ئاسایش و ئارامیی کوردستان دەردەبڕن و رێز و پێزانینی زۆریان ھەیە بۆ پێشمەرگە. لە لایەکی ترەوە ئەوان لەو بڕوایەدان کە کوردستان دەتوانێت پەرە بە ئابووریی ناوچەکە بدات و پەیوەندیی بەھێز و ستراتیجی دروست بکات لەگەڵ ئەو وڵاتانە. ئومێدیش دەخوازن کە کوردستان ببێتە نموونەی دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان. 

(باس) ھیچ گلەییەکی خۆتان بەڕەسمی گەیاندووەتە ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی ھەر لە سەرەتاوە دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان وەستان، بۆ نموونە: ئەڵمانیا کە لە شەڕی دژی داعشدا پشتیوانیی گرنگی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد؟

مەسرور بارزانی: بەڵێ، ھەوڵمان داوە ھۆکاری بڕیاری ریفراندۆم و ھەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی  باس بکەین، چونکە ھەڵوێستی دژایەتیی ریفراندۆم بە ناڕاست دەزانین. بەڵام ئەوەی ھەستمان کردووە، لەو وڵاتانەشدا لایەنی سیاسی ھەن رای جیاوازیان ھەیە و زۆریان پشتیوانی ئێمەن.

(باس) پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ ریفراندۆم تا چەند بەلای ئێوەوە گرنگە؟ ئاخۆ ئێستا پشتیوانی گرنگە، یان ئەو کاتەی کە ریفراندۆم سەرکەوت و کوردستان دەوڵەتی راگەیاند، گرنگترە؟

مەسرور بارزانی: ریفراندۆم پێویستی بە پشتیوانی یان مۆڵەتی ھیچ لایەنێک نییە، بەڵکوو بڕیاری خەڵکی کوردستانە. بەڵام ئەگەر پشتیوانییی نێودەوڵەتیی ھەبێت، بێگومان باش دەبێت. ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە ریفراندۆم بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت، ریفراندۆم راپرسییە و ئامانج لێی سەربەخۆییە، لەبەرئەوە پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی زۆر گرنگ دەبێت.

(باس) چۆن دەتوانن تورکیا و ئێران دڵنیا بکەنەوە، لەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، لە زیانی ئەواندا نابێت، لە کاتێکدا، ھەردوو وڵات بەرژەوەندیی زۆریان لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، نەخاسمە بەرەژوەندیی ئابووری و لە ھەردوو وڵاتیش کێشەی کورد ھەیە؟

مەسرور بارزانی: ھەموو دراوسێکانمان پێویستە ئەوە بزانن کە کوردستان جێی مەترسی نییە بۆ ھیچ کامیان، ئێمە لە ماوەی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستاندا، نیشانمان داوە کە سەرچاوەی ھەڕەشە و مەترسی نین بۆ ھیچ لایەک. بەپێچەوانەوە کاریگەریی زۆرمان لەسەر بوژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتانە ھەبووە. لە لایەکی تریشەوە، بوونی دەوڵەتێکی کوردستانی، دەتوانێت زۆر کاریگەریی ئەرێنیی بەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان نەتەوەکان ھەبێت.

(باس) وڵاتە عەرەبییە خودان پێگە بەھێزەکانی وەک سعودییە، میسر، ئەردەن، ئیمارات، مەغریب، لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆدا بن، تا ئێستا ھیچ ئاماژەیەکی پۆزەتیڤتان پێ گەیشتووە لەو وڵاتانەوە؟

مەسرور بارزانی: زۆر لە وڵاتانی عەرەبی و کەسایەتیی عەرەب ھەڵوێستی ئەرێنییان ھەیە، رێز و پێزانینیان بۆ مافی چارەنووسی کوردستان ھەیە و پێیان وایە ئەو پرسە کێشەیەکی ناوخۆیی عێراقە و پشتیوانیی چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکان دەکەن.

(باس) باس لەوە دەکرێت کە ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام بدرێ، تورکیا و ئێران سنوورەکان لەسەر کوردستان دادەخەن و ئاو دەگرنەوە و پەیوەندییەکانیان بەتەواوی دەپچڕێنن، بەڕێزت چاوەڕێی رووداوی لەو شێوەیە دەکەیت، ئاخۆ ئەو دوو وڵاتە بەتایبەتییش تورکیا، ھەنگاوی وەھا دەھاوێژن؟

مەسرور بارزانی: ھیوادارم بیر لەو کردارانە نەکەنەوە، چونکە سوودی ھیچ لایەکی تێدا نییە و نابێت. سەربەخۆیی کوردستان شتێک نییە تا سەر ئینکار بکرێت. دراوسێکانشیمان شارەزاترن لەوەی بیر لە بەرژەوەندی و پەیوەندیی داھاتووی خۆیان نەکەنەوە.

(باس) چۆن گەرەنتیی سەرکەوتنی ریفراندۆم لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەکەن؟ چ دڵنیاییەکتان ھەیە لەمبارەیەوە؟

مەسرور بارزانی: خۆتان دەڵێن ناوچە کوردستانییەکان، کەواتە دڵنیایی ئێمە، کوردستانیبوونی ئەو ناوچانەیە لە رووی مێژوویی، جوگرافی و دیمۆگرافییەوە. ھەروەھا بەشداری و پشتیوانیی خەڵکی ئەو ناوچانە، دڵنیایی زیاترمان پێ دەدات، بەتایبەت کە ئەو سنوورانە لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە پارێزراون یان رزگار کراون. 

(باس) ئێستا ھەرێمی کوردستان بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمیشەوە، جگە لە کوردی موسڵمان، چەندین پێکھاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبیی دیکەی تێدا دەژی، وەک تورکمان، ئاشووری، کلدانی، ئەرمەنی، عەرەب (شیعە - سوننە)، کوردی ئێزدی، کوردی فەیلی، کوردی کاکەیی، کوردی شەبەک، کوردی زەردەشتی، مەندایی، جوو، بەھایی... ھتد، ئێوە چۆن ھەموو ئەو پێکھاتانە دڵنیا دەکەنەوە، کە لەسایەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا، ھەموو مافەکانیان پارێزراو دەبێت و کوردستان دەوڵەتی ھەمووان دەبێ؟ چ پەیامێکتان ھەیە بۆ ئەو پێکھاتانە تا بەشداریی ریفراندۆم بکەن و بە (بەڵێ) دەنگ بدەن؟ 

مەسرور بارزانی: ریفراندۆم بۆ کوردستان و ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانە. پێشتریش سەرۆک بارزانی، لە دەستووری عێراقدا داکۆکیی لە مافی نەتەوەیی و ئایینیی پێکھاتە جیاوازەکانی کردووە. بێگومان لە دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆشدا، رێز لە ھەموو مافێکیان دەگیرێت، مافی ھاووڵاتیبوون بەیەکسانی بۆ ھەموو لایەک دەستەبەر دەکرێت و جیاوازیی نابێت. ھیواداریشم ئەو پێکھاتانە وەک خەونی ھاوبەشی ھەموو کوردستانییان پێکەوە، بەشدار بن و پشتیوانیی ریفراندۆم بکەن و لە دەستووری ھەمیشەیی کوردستانی سەربەخۆدا، بە ھەموو مافەکانیان شاد بن.

(باس) ھەندێ جار گوێمان لێ دەبێت، باس لە دواخستنی وادەی ریفراندۆم دەکرێ، دەمانەوێ بەڕاشکاوی رای بەڕێزتان و رای پارتی دیموکراتی کوردستان بزانین، ئایا ئێوە لەژێر ھیچ فشار و داوا و بارودۆخێکدا، ئامادەن بە دواخستنی وادەی ریفراندۆم رازی بن؟

مەسرور بارزانی: دواخستنی ریفراندۆم بە کارێکی ھەڵە دەزانم. لەپێناو چی و بۆ چی دوابخرێت؟ گەر دوابخرێت چی دەگۆڕێت؟ لەبەر بەرژەوەندیی کێ دوابخرێت؟ پێموایە لەدەستدانی کات لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نییە، ئەوانەی دژی ریفراندۆم کار دەکەن، دەتوانن کێشەی زیاتر دروست بکەن، ھەر ئەوانەش دواتر پەلاماری پشتیوانانی ریفراندۆم دەدەن کە دوایانخستووە و نەیانتوانیوە ئەنجامی بدەن. ئەگەر بەدیلێکی باشتر نەبێت، بۆچی ریفراندۆم دوا بخەین؟

(باس) چەند جارێک ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە مەرج نییە لەگەڵ ریفراندۆم گەرماوگەرم سەربەخۆیی رابگەیەنرێت، رێڕەوی رووداوەکانیش گۆڕانکاریی خێرا بەخۆوە دەبینن، ئایا مەترسیی ئەوە نییە لەنێوان راگەیاندنی دوا ئەنجامی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆییدا، ھەندێ ئاستەنگ بێنە پێشەوە و ھەنگاوەکانی سەربەخۆیی پەک بخەن؟

مەسرور بارزانی: ئەگەر ئیرادەی گەلەکەمان بەھێز بێت و بڕیار لە سەربەخۆیی بدات، نە کات و نە کەس ناتوانێ رێگر بێت. گفتوگۆی دوای ریفراندۆم پێویستە بۆ شێوازی جێبەجێکردن بێت و تا بکرێت ھەوڵی رێڕەوی ئاشتییانە بدەین. ھەڵوێستی عێراق گرنگ دەبێت لەسەر ئەوەی کەی و بە چ شێوەیەک بڕیاری سەربەخۆیی بدرێت. ھیوادارم عێراق بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لە بڕیاری گەلەکەمان بکات.

(باس) ھەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ھاوبەشی پارتییە لە حکوومەتدا، لەئاست پرسی ریفراندۆم چۆن دەخوێننەوە؟

مەسرور بارزانی: چاوەڕێی ئەوەین یەکێتی بە ھەموو لایەنە جیاوازەکانیەوە بە کردار پشتیوان و پاڵپشتی ریفراندۆم بێت.

(باس) ھەوڵەکانتان لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی، تا بێتە ناو بەرەی لایەنگرانی ریفراندۆمەوە، گەیشتە کوێ و چاوەڕوانی چی دەکەن؟

مەسرور بارزانی: پێمان خۆشە ھەموو لایەک خۆیان بە خاوەنی ریفراندۆم بزانن و پشتیوانی بکەن و بیر لە بەرژەوەندیی کوردستان بکەنەوە.

(باس) چ گرەنتییەکتان ھەیە، کە ئەگەر پەرلەمانی کوردستان کارا کرایەوە، پرسی ریفراندۆمیش بە دەردی دەستووری کوردستان نابرێ لە پەرلەمان؟

مەسرور بارزانی: بەڕاستی دەبێ خەڵکی کوردستان گرەنتی بێت و چیتر ڕێگە نەدات ھیچ پێکھاتەیەکی سیاسی یاری بە چارەنووسی بکات.

(باس) حزبەکانی پارچەکانی تری کوردستان، بۆ نموونە ھەدەپە و حزبەکانی دیکەی باکوور، کە پشتیوانییان بۆ ریفراندۆم دەربڕیوە، ھەروەھا حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و زۆربەی حزبەکانی رۆژئاوای کوردستانیش، پشتیوانیی خۆیان بۆ ریفراندۆم دەربڕیوە، ئەم ھەڵوێستانە چ کاریگەرییەکی ئیجابییان ھەیە لەسەر سەرکەوتنی ریفراندۆم؟

مەسرور بارزانی: دەستخۆشییان لێ دەکەین و ھەر ئەوەشیان لی چاوەڕێ دەکەین. پشتیوانیی ئەوان بۆ ئێمە ھێز و توانایە، ھەروەھا دڵنیاییشە بۆ ئەو وڵاتانەی لێی دەژین کە کوردستان دراوسێیەکی باش دەبێت بۆیان.

(باس) لە دوای دیاریکردنی ٢٥ی ئەیلوول بە رۆژی ریفراندۆم، لە کوردستان دوو گرووپ لە نەیاران دەنگیان بەرز کردووەتەوە، ھەندێکیان زۆر بەتوندی دژی تەنانەت ئەنجامدانی ریفراندۆمن و لە میدیاکانەوە ھەڵمەتی (نەخێر  بۆ ریفراندۆم) یان راگەیاندووە، گرووپێکی تریش ھەیە، لەبەر ھەندێ مەترسی بە لێکدانەوەی خۆیان، لەگەڵ ئەوەدا نین کوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێ، لای ئێوە ھیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەم دوو گرووپەدا ھەیە؟ ئەگەر ھەیە چین ئەو جیاوازییانە؟

مەسرور بارزانی: ھەر بیانووێک بۆ دژایەتیی ریفراندۆم ھەبێت کارێکی خراپ و بی بنەمایە و دژی بەرژەوەندیی وڵات و گەلەکەمانە. لەوانەیە ھەندێک لەوانەی دژایەتیی دەکەن مەبەستیان پاراستنی بەرژەوەندیی بارزرگانی یان سیاسیی خۆیان بێت لەگەڵ حکوومەتی عێراق یان وڵاتێکی تر، چونکە ھەموو ئومێدێکی مانەوەیان لەو بەرژەوەندییەدا دەبیننەوە. بە پێچەوانەشەوە، لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا ھەست بە دۆڕاندنی کەسایەتی و لەناوچوونی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیان دەکەن. ھەندێکیشیان لەوانەیە بەرگەی فشار و رووبەڕووبوونەوە نەگرن و ترسیان لێ نیشتبێت و بڕوایان بە گەلی کوردستان نەبێت و جۆرە ژیانێکی ژیردەستەییان پی باشتر بێت لە ژیانێکی سەربەرز و سەربەست. ترس گەورەترین ھۆکاری شکستە، ھەمیشە ترسنۆکەکان بەدوای بیانوودا دەگەڕێن، چونکە ناتوانن لە ریزی دڵسۆزان و فیداکارانی وڵاتدا بوەستن.

(باس) چۆن خەڵکی کوردستان لەوە دڵنیا دەکەنەوە، کە بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی، موجازەفە بە چارنووسیانەوە ناکرێت و خەڵکی کوردستان و کوردستان دوای سەربەخۆیی، دەستکەوتی گەورەیان دەبێت؟

مەسرور بارزانی: گەورەترین موجازەفە ئەوەیە ژێردەست بیت، مێژوو شاھیدە چیمان بەسەر ھاتووە. کاتێ گەلی ئێمە جینۆساید، کیمیاباران، ئەنفال، دەربەردەر و زیندانی دەکراین، خاوەنی وڵاتی خۆمان نەبووین بۆیە کەس بە ھانامانەوە نەدەھات. بەڵام ھەرکاتێ وڵاتێکی سەربەخۆ بین، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، ھەر جۆرە ھەڕەشەیەک بۆ سەر کوردستان پەرچەکرداری نێودەوڵەتیی لێ دەکەوێتەوە. لە لایەکی تریشەوە، کوردستانی سەربەخۆ دەتوانێت بەپێی پێویستی و بەرژەوەندیی خۆی بڕیار لە سیستەمی بەرگری، ئابووری و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی خۆی بدات. کام وڵاتی سەربەخۆ وازی لە سەربەخۆیی ھێناوە بۆ ئەوەی موجازەفە نەکات؟ ئەگەر ھەوڵدان بۆ سەربەخۆیی موجازەفە بێت، بەدڵنیاییەوە ژێردەستەیی کارەساتە.

(باس) ئەزموونی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان و شێوازی ئیدارەدانی لە ماوەی بیست و شەش ساڵی رابردوودا، زۆر جار رەخنە و گلەیی و تەنانەت توڕەبوونیشی لەناو خەڵکدا دروست کردووە، نەخاسمە لە بواری دارایی و بوونی گەندەڵی و ھەندێ کەموکوڕیی تر لە بواری خزمەتگوزاریدا، چ دڵنیاییەک ھەیە کە ئەزموونی حوکمڕانیی دوای سەربەخۆیی، بە کەموکوڕییەکانی ھەمان ئەزموونی پێش ئەو قۆناخە درێژەی نابێت؟

مەسرور بارزانی: کەس ناتوانێت نکووڵی لەوە بکات کە کەموکورتی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەبووە، بەڵام دەستکەوت و پێشڤەچوونیش ھەبووە. خۆیشمان زۆر جار رەخنەمان لە شێوازی ئیدارەدان و بەتایبەتی بەڕێوەبردنی کەرتی ئابووری ھەبووە. ململانێی حزبییش کاریگەریی خراپی بەسەر ئەدای حکوومەتەوە ھەبووە. حکوومەتی ھەرێم لە ھەندێک شوێن تەنانەت بڕیاریشی بەدەستەوە نەبووە. لە وڵاتێکی سەربەخۆدا، ئەرکی حکوومەت پێویستە پاراستنی وڵات و خۆشگوزەرانیی ھاووڵاتیان بێت. لە ھەمووی گرنگتر دەستتێوەردانی وڵاتانی تر لە کاروباری ناوخۆدا نامێنیت، کە زۆر جار ھۆکاری سەرەکیی خراپبوونی بارودۆخی ناوخۆ بووە. ھەروەھا لە دەوڵەتێکی سەربەخۆدا دەتوانین بڕیار لەسەر دەستوورێک بدەین، کە تیایدا بەرژەوەندیی کوردستان لەسەروو ھەموو شتێکەوە بێت و چیتر مەجبوور نەبین پابەندی بەرژەوەندیی خەڵکی تریش بین. پێم وایە لە دەستووری ھەمیشەیی دەوڵەتی کوردستاندا، ھەموو ریکارێک دەگرینە بەر بۆ ئەوەی ئەم کەموکورتییانە نەھێڵین و وڵاتێکی پیشکەوتوو دابمەزرێنین. 

(باس)  لەو باوەڕەدان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا، لە سلێمانی دەنگی (نەخێر) زۆرتر بێت وەک ھەندێ لە میدیاکان وای بۆ دەچن؟

مەسرور بارزانی: لەو بڕوایەدا نیم. پێم وایە خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر لە سلێمانی، قەت رێگە نادەن مێژووی شارەکەیان شەرمەزار بکەن.

(باس) وەک بەرپرسی باڵای ئەمنیی کوردستان، لە بەڕێزتان دەپرسم: مەترسییەکانی داعش لەسەر کوردستان کۆتاییان پێ ھاتووە یان نزیکە کۆتایین، یان ھەر بەردەوامن؟

مەسرور بارزانی: داعش لەڕووی سەربازییەوە بەرەو داڕمان دەڕوات، بەڵام بیری توندڕەویی داعش ئاستەمە وا زوو بنبڕ بکرێت. لەمەودواش مەترسیی داعش یان ھاوشێوەکانی داعش، ھەر دەمێنن، بەڵام لەوانەیە لە ئاستێکی کەمتردا بن و شێوازی مەترسییەکان دەگۆڕێن.

(باس) ئایندەی حەشدی شەعبی لە عێراقدا چۆن دەبینن؟

مەسرور بارزانی: ئەمە بابەتێکی عێراقییە، پێم وایە حکوومەتی عێراق پەرە بە حەشدی شەعبی دەدات، وەک کۆڵەکەیەکی گرنگ بۆ پاراستنی سیستەمی حوکمڕانیی عێراق.

(باس) بە درێژایی خەباتی ٥٠ ساڵی رابردوو، بەڕێز مەسعود بارزانی وەک ئایکۆنێک بۆ سەربەخۆیی کوردستان ھەڵکەوتووە، وەک سەرکردەیەکی نەتەوەیی، دۆزی کورد گرێدراوی بۆچوون و تێڕوانینی ئەو بووە، ھەر ئەمەش وای کردووە کە ھەندێ جار رەخنە لە پارتی بگیرێت کە ئەو ئایکۆنە نەتەوەییە وەک کاراکتەرێکی حزبی پیشان دەدات، ئەم رەخنەیە لە جێی خۆیدایە؟

مەسرور بارزانی: پارتی شانازی بە ھەبوونی سەرۆک بارزانی و مێژووی خەبات و دەستکەوت و رێبەرایەتیی دەکات. باوەڕ ناکەم وەک دەگوترێت پارتی وای کردبێت بارزانی وەک کاراکتەرێکی حزبی پیشان بدات. نموونەش ئەوەیە لەناو زۆربەی خەڵکی کوردستان لە ھەموو بەشەکانی کوردستاندا، سەرۆک بارزانی وەک رەمز و رێبەری نەتەوەیی قبووڵ کراوە.

(باس) وەک بەرپرسێکی باڵای پارتی لە بەڕێزتان دەپرسم: گریمان پرۆسەی ریفراندۆم بە دەنگی (بەڵێ) سەرکەوت و دواتر کوردستان دەوڵەتی سەربەخۆی راگەیاند، ئەوکات پارتی دەبێتە حزبێکی چۆن؟ ئاخۆ بەم ھەیکەلیەتە و بەم شێوازی حزبایەتیکردنەی ئێستای و بەم دروشم و مەنھەج و پەیڕەوەیەوە دەمێنێ، یان گۆڕانکاری لە خۆیدا دەکات؟ یان دەکرێ بپرسم زوروورەتی مانەوەی حزبێکی وەکوو پارتی، دوای سەربەخۆیی لە چیدا دەبێت؟

مەسرور بارزانی: پارتی لە ھەموو قۆناغ و سەردەماکاندا خۆی دەگونجێنێت، تا ئێستا لە ھەموو ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بووە و مامەڵەی بابەتییانەی لەگەڵ رووداوەکاندا کردووە. لە دەوڵەتی کوردستانیشدا، پێویستە لەگەڵ ھەلومەرجە نوێیەکاندا خۆی بگونجێنێت کە دڵنیام واش دەکات. ئەرک و ئەجیندای پارتی دوای دەوڵەتی سەربەخۆ، بەرھەمھێنانی سیستەمێکی پێشکەوتوو دەبێت بۆ ئاوەدانی و بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و دیموکرات و ئابوورییەکی بەھێز و وڵاتێکی سەقامگیر کە ئاشتەوایی نیشتمانی و پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی تێدا بەرجەستە بێت و دەستکەوتە نیشتمانییەکانی تێیدا پارێزراو بن.