بارزانی: ده‌وڵه‌تی كوردستان بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانه
K24 - هه‌ولێر:
سەرۆك بارزانی جەختدەكاتەوە، سەربەخۆیی بۆ رێگرتنە لە رووداوی خراپتر و دەشڵێت پێكھاتەكان ھەمیشە دووچاری كارەسات بوونه‌ته‌وه.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، لە گوتارێكیدا لە كاتی كۆبوونەوەیدا لەگەڵ نوێنەری پێكھاتەكانی كوردستان، جەختیكردەوە، بڕینی مووچە و بودجە ئەنفالێكی دیكە بوو بەرامبەر ھەرێمی كوردستان، بەغدا داوا دەكات پێشمەرگە بگەڕێتەوە دوای ھێڵی 36 واتە سنووری سەردەمی رژێمی سەددام حوسێن، كە ئەمەش جێگەی قبووڵكردن نییە، چونكە نابێت بە میزاجی كەسی لە بەغدا بڕیار لە ئایندەی كوردستان بدرێت.
ھەروەھا بارزانی دەڵێت، پێكھاتەكان ھەمیشە دووچاری كارەسات دەبنەوە، پێویستە دەستوورێكی نوێ بنووسرێتەوە كە مافەكانی ھەموو پێكھاتەكان دەستەبەر بكات و دڵنیاییش بە پێكھاتەكان دەدەم كە نوێنەریان بەشدار دەبێت لە نووسینەوەی ئەو دەستوورە، دەوڵەتی كوردستان بۆ ھەموو پێكھاتەكانە، ئەو دەرفەتەش كە ئێستا ھاتووەتە پێش ھیچ كات نەھاتووەتە پێش، ھیچ دەوڵەتێكیش دژایەتی سەربەخۆیی نەكردووە.
بارزانی ھەروەھا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەگەر دەوڵەتی خۆمان ھەبێت، ئابووری و سوپایەكی بەھێزیشمان ده‌بێت.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له وتاره‌كه‌یدا به ئاماده‌بوانی راگه‌یاندووه كه بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ، پێویستیمان بە سروودێکی نوێی نیشتمانییه، هەروەها ئەنجامدانی چەند گۆڕانکاریەک لە ئاڵای کوردستان بۆ ئەوەی هێمای نه‌ته‌وه‌كانی هەرێمی کوردستان لەخۆ بگرێت و پیویسته گوزارشت له هه‌موو پێكهاته‌كان بكات".
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه چووبوونه به‌غدا، تا پێیان بڵین ده‌بینه دوو دراوسێی باش، چونكه به هیچ شێوه‌یه‌ك ریفراندۆم دواناخرێت و ده‌ستووری عێراق رێگری له سه‌ربه‌خۆیی ناكات.
هه‌روه‌ها بارزانی گووتی، زمانی هه‌ڕه‌شه له كه‌س قبوڵ ناكه‌ین و 4 ساڵ پێش ئێستا ده‌مزانی عێراق به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌چێت.
هه‌روه‌ها مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان،رایگه‌یاند " ده‌مانه‌وێ ده‌وڵه‌تێكمان هه‌بێت پشت به تاكه كه‌س نه‌به‌ستێت و من خۆم هه‌ڵنابژێرمه‌وه‌و له هه‌ر كوێبم پاڵپشتی مافه‌كانتان ده‌بم".
ژماره‌یه‌ك له ئاماده‌بووانی دیداره‌كه بارزانی وه‌ك هۆكاریی دڵنیایی مافه‌كانیان ده‌بینن و له باره‌ی بڕیاری بارزانی بۆ خۆكاندید نه‌كردنه‌وه جۆرێك له نیگه‌رانیان پێوه دیار بوو و ده‌یانویست بزانن پاش بارزانی چۆن به‌رگریی له مافی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه ده‌كرێت و داوایان ده‌كرد گۆرانكاری له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌كرێت".
به‌ڵام سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له وه‌ڵامی ئاماده‌بواندا گووتی "ده‌توانم بڵێم گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی ژیانم ئه‌وه بوو ساڵی 2005 قبوڵمكرد سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرم، پێشمه‌رگایه‌تی له هه‌موو شتێك بۆ من گرنگتره و وه‌ك پێشمه‌رگه باشتر ده‌توانم به‌رگری له مافه‌كانتان بكه‌م تا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و من نامه‌وێت تا سه‌ر یه‌ك كه‌س فه‌رمانڕه‌وا بێت و منیش تا هه‌تایه نامێنمه‌وه له ژیان و ده‌مانه‌وێت وڵاتێكمان هه‌بیت پشت به تاكه‌كه‌س نه‌به‌ستێت".
نوێنه‌ری پێكهاته‌كان چه‌ند جارێك ته‌ئكیدیان له‌وه كردووه كه بارزانی وه‌ك هۆكاری دڵنیایی مافه‌كانیان ده‌بینن و ده‌سته‌به‌ری مافه‌كانیان له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستاندا ده‌بێت.