ئەمنێستی زیندانەكانی ئێران بە مەترسیدارترین زیندان ناودەبات

ھۆشداری لەبارەی رەوشی زیندانیان دەدرێت

K24 - ھەولێر

ئەمنێستی ئەنترناشناڵ ھۆشداریدەدات لە رەوشی نالەباری زیندانیانی سیاسی لە زیندانی رەجایی شاری كەرەج و داوا لە بەرپرسانی ئێرانیش دەكەن كۆتایی بە رەوشی مەترسیداری زیندانەكان بھێنن.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمێنێستی ئەنتەرناشناڵ) لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دەیان زیندانی سیاسی و عەقیدەتی لە زیندانی رەجایی شار لە ژوورە تاكەكەسییەكان و بە خراپترین شێوە راگیراون و لەسەرەتاییترین پێداویستییەكان بێبەشكراون، لە ھەمانكاتدا رێگەیان پێنادرێت چاویان بە بنەماڵەكانیشیان بكەوێت.

ئەمنێستی زیندانەكانی ئێران بە مەترسیدارترین زیندانەكان ناودەبات و ھۆشداری دەدات لە خراپتربوونی رەوشی زیندانیانی سیاسیی لە زیندانەكانی ئەو وڵاتەدا.

لە ماوەی رابردوودا 15 زیندانی سیاسی لە زیندانی رەجایی شار، بۆ نارەزایەتی بە رەوشی نالەباری زیندانییەكان زیاتر 20 رۆژ مانیان لە خواردن گرت.