كوردستان24 زانیاری ورد لەبارەی تەقینەوەی كۆگای تەقەمەنی ئاشكرا دەكات

فەرماندەی ھێزەكانی زێڕەڤانی زانیاری لەبارەی رووداوەكە دەخاتەڕوو
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە بەدواداچوونی كوردستان24 لەبارەی تەقینەوەی كۆگای تەقەمەنی ھێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە ھەولێر، عەزیز وەیسی، فەرماندەی ھێزەكانی زێرەڤانی زانیاری ورد لەبارەی رووداوەكە ئاشكرا دەكات و وەڵامی پرسیار و گومانەكانی خەڵك لەبارەی رووداوەكە دەداتەوە و دەڵێ " گوێ بەو قسانە نادەین كە دەڵێن سپی كردنەوەی تەقەمەنی ھۆكاری رووداوەكە بووە".

عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی ھێزەكانی پێشمەرگەی زێڕەڤانی بە كوردستان24 راگەیاند: "شەوی رابردوو دوو كۆنتێنەر كە تەقەمەنیان تێدابوو ئاگری گرت، ئەو تەقەمەنیانە دەستكەوتی پێشمەرگە بوو لە شەڕی داعش، جۆرەكانیان تایبەتمەندی نییە و ستاندار نین، بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما ئاگریان گرتووە".

لەبارەی دووبارە بوونەوەی ئەو رووداوانە بۆ چەند جارێك لە كۆگاكانی تەقەمەنی ھێزی پێشمەرگە گوتی: "بەو ھۆیەی ئەو تەقەمەنیانەی تایبەتمەندیان نییە و مەترسیان ھەیە، ھەروەھا ئێمە سوودیان لێ وەرناگرین، بۆیە بڕیارماندا ھەموو ئەو تەقەمەنیانەی لە شەڕی داعش دەست پێشمەرگە كەوتوون لەناویان ببەین".

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردستان24، كە دەگوترێت بۆ ئەو تەقەمەنیانە لە شوێنی دیكەی عێراق كە پلەكانی گەرما بەرزترە ناتەقێتەوە بەڵام لە كوردستان دەتەقێتەوە؟ عەزیز وەیسی دەڵێ: "ئەوە بە دەست ئێمە نییە كە رووداوی لەم شێوەیە روودەدات".

ھەندێك كەسێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس لەوە دەكەن "ئەو تەقینەوە بەھۆی سپی كردنەوە و فرۆشتنی تەقەمەنییەكان روویداوە، یان بە ئەنقەست كراوە" لە وەڵامدا  فەرماندەی فەرماندەیی ھێزەكانی پێشمەرگەی زێڕەڤانی گوتی: "ئێمە ھیچ گوێ بەو جۆرە قسانە پێنادەین".

شەوی رابردوو كۆگایەكی تەقەمەنی ھێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە ھەولێر تەقییەوە، بە گوتەی فەرماندە سەربازییەكان و دەزگا ئەمنییەكان ھیچ زیانی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە.