ئه‌مڕۆ چواره‌مين پاڵه‌وانييه‌تيى گراند سلام له‌ ئه‌مێريكا ده‌ستى پێكرد

پێشبینی ده‌كرێت نادال و فێدرێر ركابه‌ری سه‌ره‌كی بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ بن

چوارەمین پاڵەوانێتی گراند سلام لە ئەمریکا دەستیپێکرد و بەهۆی پاشەکشەی ئاندی مارای و نۆڤاک جۆکۆڤیچ و ستانیسلالس فافرینکا، چاوەڕێ دەکرێت رۆجێر فێدرێر و رافایل نادال رکابەری سەرەکی بن بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتییەکە.

پاڵەوانێتی ئەمریکای کراوە پلەی یەکەمی ریزبەندی باشترین تێنسزانانی جیهان لە نێوان رۆجێر فێدرێر و رافایل نادال یەکلا دەکاتەوە.

پێکان خزمەتێکی زۆری نادال و فێدرێر دەکات و گۆڕەپانەکانی فلاشینگ میدزۆی بۆ ئەو دوو تێنسزانە چۆڵ کردووە، بۆ ئەوەی دووبارە عەرشی تۆپە زەردەکە بگرنەوە.

پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتی ئەمریکای کراوە ئاندی مارای پاشەکشەی لە پاڵەوانێتییەکە کرد و رایگەیاند بەهۆی پێکانەوە ناتوانێت پشکداریی فلاشینگ میدۆز بکات، نۆڤاک جۆکۆڤیچ و ستانیسلاسل فافرینکاش کە فایناڵی وەرزی رابردوویان لە پاڵەوانێتییەکە ئەنجام دا، ئەوانیش بەشدار نابن و فافرینکای پاڵەوان و جۆکۆڤیچی دووەمی پاڵەوانێتییەکە گەشتی ئەمریکایان نەکردووە.

جگە لەو 3 تێنسزانە، میلۆس راونیچ و کی نیشیکۆریش پاشەکشەیان لە پاڵەوانێتییەکە کردووە و ئەو دوو تێنسزانە کەنەدی و ژاپۆنییەش لە سێیەم چوارەم پاڵەوانێتی گراند سلامی ئەم وەرزە نابینین.

نادال پێش دەستپێکردنی ئەمریکای کراوە دوای سێ ساڵ بۆیەکەمجار پێشەنگی تێنسزانانی جیهانی گرتەوە و ئێوارەی سێشەممە بەرامبەر دوسان لاجۆڤیچ یەکەم هەنگاوی خۆی بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتییەکە داوێت، کە پێشتر لە 2010 و 2013 بەدەستیهێناوە.

دیارترین بەربەستی بەردەم نادال، رۆجێر فێدرێرە، هەر بۆیە رافا هیوا دەخوازێت لە ئەمریکا رووبەڕووی فێدرێر نەبێتەوە، چونکە فێدرێر ئەمساڵ بووەتە پاڵەوانی ئوستڕاڵیای کراوە و وێمبڵدۆن و خاوەنی پێنج نازناوی ئەمریکای کراوەیە و دیارترین مەترسییە لەسەر پاڵەوانەکەی 2017ـی رۆلان گارۆس.

رۆژی 10ـی سێپتێمبەر نادال و فێدرێر هەریەکێکیان ببنە پاڵەوانی ئەمریکای کراوە، پێشەنگی تێنسزانانی جیهان دەگرن و جارێکی دیکە دەبنەوە پاشای تۆپە زەردەکە.