بارزانی: ده‌وڵه‌تی كوردستان فیدراڵی ده‌بێت
K24 - هه‌ولێر:
مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌ریمی كوردستان، ده‌رباره‌ی كه‌ركووك وه‌ڵامی رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی داوه‌ته‌وه‌و رایگه‌یاندووه: "كه‌ركووك شارێكی كوردستانییه و ناسنامه‌كه‌ی كوردستانییه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئاماده‌ین دوای ریفراندۆمیش له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌رباره‌ی سنوور له وانه‌ش كه‌ركووك دانووستان بكه‌ین. ئێمه ئاماده‌ین كه‌ركووك بكه‌ینه نموونه‌یه‌كی گه‌شاوه‌ی پێكه‌وه ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و مه‌زهه‌بی، به‌ڵام هه‌ر لایه‌نێك بیر له‌وه بكاته‌وه به‌هێز ده‌ستبه‌سه‌ر كه‌ركووكدا بگرێت، ئه‌وه هه‌موو گه‌لی كوردستان رووبه‌روویان ده‌بێته‌وه‌و تا دواین كه‌س ئاماده‌ین به‌رگری له كه‌ركووك بكه‌ین".
بارزانی ئه‌وه‌یشی گوتووه، بیگومان ئاماده‌ین له پیناو كه‌ركووك بمرین، به‌ڵام ئێمه كراوه‌ین و كه‌ركووك بۆ كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و كریستیانه‌كانه، نامانه‌وێت ده‌وڵه‌تێكی ناوه‌ندیی درووست بكه‌ین، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت سیستمیكی هاوشێوه‌ی فیدراڵی له ناو كوردستان دامه‌زرێنین، تا هه‌موو پارێزگایه‌ك حكومه‌تێكی ناوخۆیی و په‌رله‌مانی ناوخۆیی خۆی هه‌بێت و پایته‌ختیش له هه‌ولێر پێكدێت و پرسه سه‌روه‌رییه‌كانی وه‌ك سوپا و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌و سیاسه‌تی دارایی له هه‌ولێر ده‌بێت، به‌ڵام بۆ پرسه‌كانی دیكه، ئه‌و پاریزگایانه خۆیان ئیداره‌ی خۆیان ده‌كه‌ن و پێویست به‌وه ناكات بیر له فه‌رمانڕه‌وایی ناوه‌ندیی خۆسه‌پێن بكه‌ینه‌وه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه پیویسته به ته‌واوی كراوه بین".