پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕی بریندارانی داعش و ته‌رمی چه‌كداره‌ ئیرانییه‌كان ده‌ستپیكرد

"رێككه‌وتنه‌كه‌ی حزبوڵڵا و داعش پیلانێکی گەورەیە له‌ دژی عێراق"

K24 - هه‌ولێر:

میلیشیا چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ رژیمی سووریا بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕكردنی بریندارانی داعش و ته‌رمی چه‌كدارانی سوپای ئیران له‌ سووریا ده‌ستیپێكردووهو چه‌كدارانی داعش و خێزانه‌كانیان به‌ره‌و ناوچه‌كانی دێرلزوور به‌ڕێوه‌ن‌".

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، حزبوڵڵای لوبنامنی له‌ چوارچیوه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا ته‌رمی موحسین حوجه‌جی له‌ چه‌كدارانی داعش وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌كاتی هێرشی چه‌كدارانی داعش له‌ سنووری عیراق و سووریا به‌ دیلی كه‌وتبووه‌ ده‌ستیان و كوشتبوویان.

ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ له‌ چوارچیوه‌ی رێككه‌وتنێكی نێوان، حزبوڵای لوبنانی و چه‌كدارانی ریكخراوی داعشدایه‌، كه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی كراو و پاش ئه‌وه‌ی رژێمی سووریا یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌دا، ده‌ستكرا به‌ گواستنه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌ ناوچه‌كانی جرود عرسال و جرود قاره‌ی ناوچه‌ی قه‌له‌موونی لوبنان له‌ سه‌ر سنووری سووریا به‌ره‌و ناوچه‌كانی دێرلزووور له‌ نزیك سنووره‌كانی عێراق.

ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ره‌خنه‌ی زۆری به‌ دواداهات و عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاستی باڵادا گواستنه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعشیان بۆ سنووره‌كانی ئه‌لبوكه‌مال له‌ نزیكی سنووری عێراق، سه‌ركۆنه‌كرد و رۆژی چوارشه‌ممه‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیش بۆ درووستكردنی كۆسپ له‌ به‌رده‌م كاروانی داعشه‌كاندا، پردێكی بچووكی له‌ رێگه‌كه‌یاندا ته‌قاندبووه‌وه‌.

 

كاتی ده‌ستگیركردنی موحسین حوجه‌جی له‌ لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌
كاتی ده‌ستگیركردنی موحسین حوجه‌جی له‌ لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌، نەعیم گەعوود، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای ئەنبار لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە سنووری نێوان سووریا و لوبنان بۆ سنووری عێراق پیلانێکی گەورەیە دژی عێراق. گوتیشی بەشێک لەو چەکدارانەی داعش دوای گواستنەوەیان هاتوونەتە ناوچەکانی راوە و قائیم لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا. ئاماژەی بۆ ئەوەشدا، رەنگە دوای جەژن ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی رۆژئاوای ئەنبار دەستپێبکات.

به‌ڵام به‌ پێچەوانەی سەركردەكانی دیكەی عێراق، مالیكی پارێزگاریی لە رێكکەوتنەكەی نێوان حزبوڵای لوبنان و داعش دەكات.

نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پێچەوانەی سەركردەكانی دیكەی عێراق، پشتیوانی لە رێكکەوتنەكەی حزبوڵای لوبنان و رێكخراوی داعش كرد و ئەوانەی رەخنەشیان لە رێکكەوتنەكە گرتووە بە نەزان و تێنەگەیشتوو ناوبرد.

گواستنەوەی چەكدارانی داعش لە سنوورەكانی لوبنانەوە بۆ رۆژھەڵاتی سووریا، ناڕەزایەتی حكومەت و زۆربەی سەركردە سیاسییەكانی عێراقی لێكەوتەوە