چاوەڕێی كاتژمێری سفرن

"پێشمەرگە رێرەوی ئارامی بۆ خەڵكی حەویجە كردووەتەوە"
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

ئەحمەد خورشید، گوتەبێژی حەشدی حەویجە لە کەرکووك بە کوردستان24 گوت، نزیکەی 2 هەزار چەکداری داعش لە شارۆچکەی حەویجەن.

 گوتیشی، بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە هێزەکان ئامادەکاری تەواویان کردووە و چاوەڕێی کاتژمێر سفرن.

گوتەبێژی حەشدی حەویجە لە کەرکووك راشیگەیاند، پشمەرگە پێشتر چەندین رێڕەوی ئارامی بۆ دەرچوونی دانیشتوانی حەویجە کردووەتەوە.

ھەر لەبارەی ئۆپەراسیۆنی حەویجەوە، گوتەبێژی حەشدی شەعبی ئاشكرای دەكات، دوای جەژن بەرەكانی شەڕ بۆ ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە دیار دەكرێ، بەگوێرەی زانیارییەكانیش دوو یەكەی تۆپخانەی ئەمریكا و فرەنسا بەشداری لە شەڕەكەدا دەكەن.

ئەحمەد ئەسەدی، گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو،  پلانی هێرشکردنە سەر شارۆچکەی حەویجە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە دادەڕێژێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرەکانی شەڕ بەسەر هێزەکان دابەشنەکراون.

 گوتیشی، دابەشکردنی بەرەکان ماوەیەکی زۆری پێناچێت و لە دوای جەژن راستەوخۆ شوێنی هێزەکان دیاریدەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانیان لە پاککردنەوەی مین و بۆمبەچێندراەکانی داعش لە شارۆچکەی تەلەعفەر بەردەوامن.

بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەكانی عێراق، لە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجەی باشووری كەركووك، 48 ھەزار سەرباز لە ھێزە جیاجیاكانی عێراق بەشداری ئۆپراسیۆنەكە دەكەن و زۆرینەشییان لە پۆلیسی فیدڕاڵی دەبن، 8 ھەزار ئۆتۆمبێلی سەربازی و 200 تانكی لە جۆری ئەبرامز و تی 72 و تی 55 لە شەڕەكاندا بەكاردەھێنرێن.

جیا لە فڕۆكەكانی عێراق و ھاوپەیمانان، دوو یەكەی تۆپخانەی سوپای ئەمریكا و فرەنساش بەشداری شەرەكە دەكەن.