كوشتنی كۆڵبەرانی كورد كاردانەوەی بەرفراوانی لێدەكەوێتەوە

چەند كەسێك لەسەر كوشتنی كۆڵبەران دەستگیركرا

K24 - ھەولێر

پاش ئەوەی رۆژی 4 ئەم مانگە، لە شاری بانە ھێزە ئەمنییەكان تەقەیان لە ژمارەیەك كۆڵبەری كورد كرد و بەو ھۆیەوە دوو كۆڵبەری كورد كوژران، كاردانەوەی بەرفراوانی لێكەوتەوە و ھاووڵاتیانی بانە خۆپێشاندانیان رێكخست، بەگوێرەی زانیارییەكانیش 5 كەس لەسەر كوشتنی كۆڵبەران دەستگیركراون.

رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا كوشتنی كۆڵبەرانی كورد لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ دەزانێت و داوا لە بەرپرسانی ئێران دەكات هێرش بۆ سەر خەڵک و ناڕازییانی کورد رابگرن و کۆتایی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی خەڵک بێنن.

لە بەیاننامەكەیدا ھاوخەمی خۆی لەگەڵ خەڵكی شاری بانەی رۆژھەڵاتی كوردستان دەردەبڕێت و كوشتنی كۆڵبەرانی كورد و سەركوتكردنی دەنگی ناڕەزایی خەڵك لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە ئیدانە دەكات. داواش دەكات كۆتایی بە سەركوت و دەستبەسەركردنی خەڵكی ناڕازی بھێنرێت.

ھەر لەبارەی ئەو رووداوە موجتەبا شیروود، دادوەری گشتی سنە ئاشكرای كرد، دوێنێ شاندێك لە دەزگای دادوەری و فەرماندە سەربازییەكانی سەر سنوور، رەوانەی شوێنی رووداوەكە كراون و بە تۆمەتی تەقەكردن لە كۆڵبەرانی كورد و لە پەیوەندی لەگەڵ كەیسی كوشتنی كۆڵبەرەكانی بانە 5 كەسیان دەستگیر كردووە كە ئەندامی ھێزەكانی سنوورەوانی بنكەی سەربازی ناوچەی ھەنگەژاڵەی بانەن.

دوو ھاووڵاتی كوردی خەڵكی شاری شنۆی رۆژھەڵاتی كوردستان لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیر كران و لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا 12 كەس لە شنۆ بە تۆمەتی چالاكی سیاسی دەستگیر كراون.