كوردستان 24 پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌باته‌ په‌رله‌مانی بریتانیا

‌ به‌ هاوكاری رۆژنامه‌ی ده‌یلی ته‌له‌گرافی بریتانی و سه‌نته‌ری پێشخستنی كورد له‌ له‌نده‌ن پانێلێك به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

K24 - هه‌ولێر:

كوردستان 24، پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌باته‌ ناو په‌رله‌مانی بریتانیا و به‌ هاوكاری رۆژنامه‌ی به‌ ناوبانگی ده‌یلی ته‌له‌گرافی بریتانی و سه‌نته‌ری پێشخستنی كورد له‌ له‌ندن، پانێڵێكی تایبه‌ت به‌رێوه‌ ده‌بات.

پانێله‌كه‌ كاتژمێر 5:00 تا 7:00 ئێواره‌ی رۆژی 11/9/2017 به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری بریتانی، له‌ پارتی پارێزگارانی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و وڵاته‌ به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن.

ئامانجی پانێله‌كه‌ بۆ خستنه‌ڕووی پرسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌ له‌ ناوه‌نده‌ فه‌رمی و میدیاییه‌كانی بریتانیا و هه‌ر یه‌كه‌ له‌ "نه‌دیم زه‌هاوی" په‌رله‌مانتاری بریتانی له‌ پارتی پارێزگاران و "جاك لۆپرێستی، له‌ پارتی پارێزگاران و كاروان جه‌مال تاهیر، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بریتانیا و نووره‌دین وه‌یسی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دامه‌زراوه‌ی كوردستان 24 بۆ راگه‌یاندن و توێژینه‌وه‌ ، به‌شدایی پانێله‌كه‌ ده‌كه‌ن و له‌ لایه‌ن "گاری كێنت" به‌رپرسی گرووپی په‌رله‌مانتارانی دۆستی كورد له‌ په‌رله‌مانی بریتانیا به‌ڕێوه‌ ده‌برێت.

رۆژنامه‌ی ده‌یلی ته‌له‌گرافی بریتانی، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پڕفرۆشترین رۆژنامه‌كانی بریتانیا‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پاشكۆیه‌كی تایبه‌ت به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌رده‌كات.

ئه‌و پاشكۆیه‌ش تایبه‌ت ده‌بێت‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی وتار و بابه‌تی په‌رله‌مانتار و سیاسه‌توانه‌‌ ناوداره‌كانی بریتانیا، ئه‌و وتار و بابه‌تانه‌یشی له‌و پاشكۆ نیو ملیۆن تیراژییه‌ی "ده‌یلی ته‌له‌گراف"ـدا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، بۆ پشتگیریی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌و هه‌لومه‌رجه‌ نوێیه‌ی له‌ كوردستان و ناوچه‌كه‌ و جیهان هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌.

ئه‌وه‌ دووه‌م كاری هاوبه‌شی كوردستان 24 و میدیا جیهانییه‌كانه‌ بۆ رێكخستنی كۆڕ و كۆنفرانسی تایبه‌ت به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و له‌ ناوه‌نده‌ فه‌رمییه‌كانی وڵاته‌ زلهێزه‌كاندا ساز ده‌كرێت.

رۆژی  28/7/2017‌ كوردستان 24 به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی واشنتن تایمزی ئه‌مریكی،  كۆنفرانسێكی له‌ ژێر ناوی (كوردستان، هاوپه‌يمانى ستراتيژى ئه‌مريكا) له‌ واشنتن و له‌ ناو كۆنگرێسی ئه‌مریكادا به‌ڕێوه‌برد و هه‌ر یه‌كه‌ له‌ "مه‌سروور بارزانی" راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و "نه‌جمه‌دین كه‌ریم" ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارێزگاری كه‌ركووك و "جۆ وێڵسن" ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا كه‌ نوێنه‌ری كارۆلینای باشوور،‌ سه‌ر به‌ پارتی كۆماریی ئه‌مریكا‌‌ و "ترێنت فرانكس" ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا له‌ ویلایه‌تی ئه‌ریزۆنا له‌ پارتی كۆماریی ئه‌مریكا و ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی نووسه‌ر و تویژه‌ر و جه‌نه‌راڵی سوپای ئه‌مریكا به‌شدارییان تێدا كردبوو.

ئه‌و رۆژه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌ی واشنتن به‌ڕێوه‌چوو، رۆژنامه‌ی به‌ناوبانگی واشنتن تایمزی ئه‌مریكی، ژماره‌یه‌كی تایبه‌تی له‌سه‌ر كوردستان بڵاوكردووه‌، كه‌ چه‌ندین كۆنگرێسمان و سیاسه‌توان و نووسه‌ری ئه‌مریكی و كوردیش وتاریان تێدا نووسی  و پشتگیریی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیان كرد‌.