حه‌شده‌كان ژووری ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كان بۆ شه‌ڕی حه‌ویجه درووست ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
عه‌لی حوسه‌ینی، گوته‌بێژی میحوه‌ری "باكووری حه‌شدی شه‌عبی" ئه‌مرۆ شه‌ممه 9/9/2017 ئاشكرایكرد "ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، له شاری به‌غدا، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له كه‌ركووك كۆبووه‌ته‌وه‌و رێككه‌وتنێكی گرنگیان بۆ درووستكردنی "ژوورێكی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش" كردووه، پێش ئه‌وه‌ی ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه ده‌ست پێبكات، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانده ئه‌منی و سه‌ركرده سیاسییه‌كان یه‌كهه‌ڵویستبن".
حوسه‌ینی به میدیاكانی عیراقی گوتووه: "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، محه‌مه‌د ته‌میمی یه‌كێك له نوێنه‌ره عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركووك و ئه‌بو ره‌زا نه‌جاڕ، به‌رپرسی میحوه‌ری باكووری حه‌شدی شه‌عبی و ژماره‌یه‌ك له فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی حه‌ویجه و حه‌شدی توركمانی له‌و كۆبوونه‌وه‌و رێككه‌وتنه‌دا به‌شدارییان كردووه و ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه گفتوگۆیان كردووه".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه "ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی بۆ پێكهێنانی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش كراوه، له پارێزگای كه‌ركووك ده‌بێت و هه‌موو ئه‌و هێز و یه‌كه سه‌ربازیانه به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن وه‌ك (سوپا و پۆلیسی فیدراڵی عێراق، حه‌شدی شه‌عبی، پێشمه‌رگه، حه‌شدی شه‌عبی میحوه‌ری باكوور) و له چه‌ند رۆژی داهاتوودا له كه‌ركووك كۆبوونه‌وه‌و گفتوگۆكان به‌رده‌وام ده‌بن".
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی گوته‌بێژه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش له‌و ژووره تایبه‌ته‌ی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش به‌شداری ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه نه‌كردووه كه نوێنه‌ری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی به‌غدا بانگهێشتكرابن، ته‌نها ئه‌و عه‌ره‌ب و توركمانانه نه‌بێت كه به‌شێكن له هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی یان له‌گه‌ل سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و هێزانه‌دا كۆكن.