پارتی و یه‌كێتی رێككەوتنێكی نوێ واژوو دەكەن

شاندی پارتی و یەكێتی كۆدەبێتەوە

K24 - ھەولێر

بڕیاربوو ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی كۆببنەوە و ئەو رێككەوتننامەیە واژوو بكەن كە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و چارەسەری كێشەناوخۆییەكان لەسەری رێككەوتوون، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24 كۆبوونەوەكە بۆ سبەی دواخرا.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به‌ كوردستان24 راگه‌یاند: "شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی واژووكردنی رێككه‌وتنی كۆتایی نێوانیان كۆدەبنەوە".

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی هۆشمه‌ند سادق په‌یامنێری كوردستان24، كۆبوونەوەكە تایبه‌ت دەبێت به‌ نه‌خشه ‌رێگا‌كه‌ی یه‌كێتی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ پێكهاتبوو له‌ حه‌وت خاڵ.

بڕیاریشە شاندێكی ھابەشی پارتی و یەكێتی، بە مەبەستی بەشداری كردنی لایەنەكانی دیكە لە كاراكردنەوەی پەرلەمان، سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بكەن.

بە گوێرەی میدیای فەرمی یەكێتی، بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی یەكێتی لە ھەولێر لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی كۆببێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە یه‌كێتی و پارتی لە كۆبوونەوەی دوێنێی گەیشتنە رێككه‌وتن له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و بڕیاریانداوە 14 ئەیلوول پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە.