پەرلەمانی عێراق ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی رەتكردەوە

پەرلەمانتارێكی كورد: سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق رێگەی نەدا قسە بكەین
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ، ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی رەتكردەوە، پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێ، ئەوەی چاوەڕوان نەكراوبوو شێوازی خستنە دەنگدانی بڕیارەكەبوو، رێگەیان نەدا پەرلەمانتاران قسەی لەسەر بكەن.

 رێبوار تەها، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە كوردستان24 گوت: "رەتكردنەوەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، چاوەڕوانكراو بوو، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان نەكراو بوو لامان شێوازی دەنگدان بوو لەسەر ئەو بڕیارە".

گوتیشی: "داوامان لە سەرۆكی پەرلەمان كرد پێش ئەوەی بڕیارەكە بخوێندرێتەوە و بدرێتە دەنگدان، قسەی لەسەر بكەین، بەڵام بە داخەوە سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەوەی نەكرد، لە بڕیارەكەدا ھاتووە، كە ریفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێمیش رەتدەكەنەوە، ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە، یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەوێتە ئەستۆی حكوومەتی عێراق، لە خاڵێكی دیكە داوای گفتوگۆ دەكرێت لە نێوان ھەولێر و بەغدا و بەرپرسیاریەتی دەخاتە ئەستۆی ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بەغدا، داواش دەكات دەست بكرێت بە گفتوگۆی جدی".

راشیگەیاند: "فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەك ھەڵوێست بووین و لە كۆبوونەوەكە ھاتینەدەرێ و جێمان ھێشت، بڕیاریشە وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆببینەوە، بۆ ئەوەی بگەین بە بڕیارێك، بایكۆتكردنمان لە رۆژانی داھاتوو بەردەوام بێت یان  ھەر بۆ ئەو كۆبوونەوەبێت".