100 هه‌زار هاووڵاتی سڤیل حه‌ویجه‌یان جێهێشتووه
K24 - هه‌ولێر:
روانگه‌ی عێراقی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند: "زیاتر له 100 هه‌زار هاووڵاتی سڤیل، له ماوه‌ی نیوان مانگی ئابی ساڵی 2016 تا ئه‌یلوولی 2017، ئاواره بوون".
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی روانگه‌ی عێراقی "زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه له سنته‌ری شارۆچكه‌ی حه‌ویجه رایانكردووه‌و له گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك و له ده‌روازه‌ی مه‌كته‌ب خالیدی ناوچه‌ی ته‌للوه‌ردی هێڵی ته‌ماسی نیوان پێشمه‌رگه و داعش، هاتوونه‌ته ناوچه‌كانی دیكه‌ی پارێزگای كه‌ركووك".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه "دانیشتوانی شارۆچكه‌كه به‌هۆی سته‌م و پێشێلكاری ئه‌ندامانی رێكخراوی داعش و بۆردوومانكردنی ناوچه‌كانیان له لایه‌ن فرۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، به‌هۆی بوونی مۆڵگه‌ی چه‌كدارانی داعش له گه‌ڕه‌ك و ماڵه‌كاندا هه‌ڵاتوون".