سه‌رۆك بارزانی: سازش له‌سه‌ر ناسنامه‌ی كه‌ركووك ناكه‌ین
K24 - كه‌ركووك:
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌یدا، له‌گه‌ڵ پارێزگاری كه‌ركووك و نوێنه‌ری ته‌واوی پێكهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی شاره‌كه رایگه‌یاند، بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم دوای ئه‌وه هات، كه هه‌موو رێگه‌یه‌ك تاقیكرایه‌وه به‌ڵام ته‌واوی هه‌وڵه‌كان بێسوود بوون.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ریفراندۆم بۆ ئه‌وه‌یه رێگه له كێشه و ئاڵۆزی دیكه‌ی زیاتر بگرێت له ناوچه‌كه، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه.
دووپاتیشیكرده‌وه، پێویسته كه‌ركووك وه‌كو نموونه‌یه‌كی پێكه‌وه‌ژیان نێوان پێكهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بمێنێته‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بارزانی روونیكرده‌وه، كه‌ركووك هه‌میشه پارێزراو ده‌بێت و پێشمه‌رگه ده‌یپارێزێت.
سه‌باره‌ت به دواخستنی پرۆسه‌ی ریفراندۆمیش، بارزانی جه‌ختی كرده‌وه، هیچ حیكمه‌تێك له دواخستنی ریفراندۆمدا نییه و له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت.
هه‌روه‌ها روونیشیكرده‌وه، دوای ریفراندۆم، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه.
سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌گه‌ر مادده‌ی 140ی ده‌ستوور جێبه‌جێ كرابا، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بوون و گوتی: "نیه‌تی شه‌ڕكردنمان نییه به‌ڵام مافی به‌رگری كردنمان هه‌یه".
هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، ئه‌وه‌ی شه‌ڕ هه‌ڵده‌گیرسێنێت، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامه‌كه‌شی بكات.
بارزانی ئاماژه‌ی به ده‌ستووری عێراقیش كرد و رایگه‌یاند، له ده‌ستووردا عێراقی یه‌كپارچه په‌یوه‌یسته به جێبه‌جێكردنی ده‌ستووره‌وه و پێكه‌وه‌ژیانیش ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه.
بارزانی روونیشیكرده‌وه، هه‌ندێكجار گوێبیستی هه‌ڕه‌شه‌ی منداڵانه ده‌بێت و گوتی: "هه‌رچه‌نده گوێ به‌و هه‌ڕه‌شانه ناده‌ین و ئامۆژگارییان ده‌كه‌ین با سه‌یری ئه‌وانه‌ی پێش خۆیان بكه‌ن، له شه‌ڕدا چی‌یان ده‌ست كه‌وت".
هه‌روه‌ها گوتی: "كه‌ركووك و كه‌ركووكییه‌كان بڕیاری خۆیان ده‌ده‌ن و هیچ كه‌سێك ناتوانێت خۆی به‌سه‌ر كه‌ركووك و پێكهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیدا بسه‌پێنێت".