سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ توندی بڕیاری لادانی نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ پۆسته‌كه‌ی ره‌تده‌كاته‌وه‌

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان: بەڕێز نەجمەدین کەریم لە پەرلەمانی عێراقەوە متمانەی پی نەدراوە تا لێی وەربگرنەوە

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری لادانی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركووك له‌ پۆسته‌كه‌ی به‌ توندی ره‌تده‌كاته‌وه‌.

گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ لێدوانێكدا رایده‌گه‌یه‌نێت، بەم هەنگاوەی پەرلەمانی عێراق، جارێکی دیکە شکستی شەراکەت و پێشێلکردنی دەستوور و نەهێشتنی بنەماکانی تەوافوق و گەڕانەوە بۆ زۆرینە و کەمینە دووپات کرایەوە.

ده‌قی لێدوانه‌كه‌:

لێدوانێک لە وتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە

سەرۆکایەتیی هەرێمی کورستان زۆر بە توندی بڕیاری ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق بۆ لادانی بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریم لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ڕەت دەکاتەوە.

بەم هەنگاوەی پەرلەمانی عێراق، جارێکی دیکە شکستی شەراکەت و پێشێلکردنی دەستوور و نەهێشتنی بنەماکانی تەوافوق و گەڕانەوە بۆ زۆرینە و کەمینە دووپات کرایەوە.

گەلی کوردستان بەگشتی و جەماوەری پارێزگای کەرکووک بەهیچ شێوەیەک پابەندی ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراق نابن، بەڕێز نەجمەدین کەریم لە پەرلەمانی عێراقەوە متمانەی پی نەدراوە تا لێی وەربگرنەوە. پارێزگاری کەرکووک بە هەڵبژاردن و لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک متمانەی وەرگرتووە و خەڵکی کەرکووک خاوەنی ئەو بڕیارەن نەک پەرلەمانی عێراق.