فراكسیۆنە كوردستانییەكان: بڕیاری دوورخستنەوەی پارێزگاری كەركووك مەبەستدارە

بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق رەت دەكرێتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڕیاری دوورخستنەوەی نەجمەدین كەریم لە پارێزگای كەركووك رەتدەكەنەوە و رایدەگەیەنن، ئەمە بڕیارێكی نا یاساییە و مەبەستێكی لە پشتەوەیە.

لە بەیاننامەكەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەڵێن: "لە كاتێكدا كە ئێمە ھانی لایەنەكان دەدەین بۆ لێك نزیكبوو كردنەوەی لایەنەكان و چارەسەری كێشەكان، ئەنجوومەنی نوێنەران بە پەلە بڕیاری دوورخستنەوەی پارێزگاری كەركووك دەردەكات، بێ ئەوەی رەچاوی داواكاری فراكسیۆنە كوردستانییەكان بكات، چەند پڕۆژە یاساییەك دەیننە گۆڕێ كە دژی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە".

ئەوەشیان خستەڕوو: "بڕیاری دورخستنەوەی نەجمەدین كەریم، یاسایی نییە و ئەو بڕیارە لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە، بەڵكو بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگاكان خۆیانە، ئەم بڕیارە بە ھەنگاوێكی سیاسی دەبینین، تەنھا پێشێل كردنی یاساییە و تێكدانی تەوافقە لە عێراق".

فراكسیۆنە كوردستانییەكان راشیانگەیاند: "ئەمە لەكاتێكدایە كە بڕیارە شاندێكی ھەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ سەردانی بەغدا بكات، بەڵام دیارە ئەم بڕیارە مەبەستێكی لە پشتەوەیە بۆ دوورخستنەوەی زیاتری لایەنەكان".