ئه‌مريكا: ئاگادارى ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كانى سه‌ركردايه‌تى كورد و مه‌كگۆرك نين
K24 – هه‌ولێر:
هێزه‌ر نۆرێت، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رايگه‌ياند، ئه‌مريكا ئاگادارى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كانى ماكگۆرك و به‌ديلى ريفراندۆم نييه.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌باره‌ی ئه‌و به‌دیله‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێشكه‌شی سه‌رۆك بارزانیان كردووه به‌مه‌به‌ستی دواخستنی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، رایگه‌یاند ئه‌وان جارێ ئاگاداری ناوه‌ڕۆك و ئه‌نجامی ئه‌و كۆبوونه‌وانه نین كه برێت مه‌كگۆرك نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ شه‌ڕی داعش له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی كورد له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا ئه‌نجامیداون.
دوێنێ شاندێكى وڵاتانى زلهێز به سه‌رۆكايه‌تى ماكگۆرك نێردراوى سه‌رۆكى ئه‌مريكا له هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانى كۆبوونه‌وه.
دواى كۆبوونه‌وه‌كه، سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان له راگه‌يه‌ندراوێكدا ئاشكرايكرد، وڵاتانى زلهێز به‌ديلێكيان پێشنياز كردووه له به‌رامبه‌ر دواخستنى پرۆسه‌ى ريفراندۆم.
هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه برێت ماكگۆرك له كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا رايگه‌ياند، كۆبوونه‌وه‌يه‌كى مێژووييمان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانى ئه‌نجامدا و ئه‌و به‌ديله‌مان خستووه‌ته‌ڕوو، كه سه‌رۆك بارزانى بۆ دواخستنى ريفراندۆم داوايكردبوو.
پێشتر سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياندبوو، ريفراندۆم به هيچ شێوه‌يه‌ك دواناخرێت مه‌گه‌ر گرێنتييه‌كى نێوده‌وڵه‌تى بۆ سه‌ربه‌خۆيى كوردستان بدرێت.