لايه‌نه سياسييه‌كانى كه‌ركووك پشتيوانى خۆيان بۆ ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆيى دووپاتكرده‌وه
K24 – هه‌ولێر:
لايه‌نه سياسييه‌كان له شارى كه‌ركووك به سه‌رپه‌رشتى كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى جێگرى يه‌كه‌مى سكرتێرى گشتيى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان كۆبوونه‌وه.
كۆبوونه‌وه‌كه له باره‌گاى مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له كه‌ركووك ئه‌نجامدرا.
له ده‌ستپێكى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لى كورته‌یه‌كى له‌باره‌ى ئامانجى كۆبوونه‌وه‌كه و گرنگى كه‌ركووك بۆ كوردستان خسته‌ڕوو و جه‌ختى له گرنگى رۆڵ و پێگه‌ى كه‌ركووك كرده‌وه.
له به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لى باسی له پێكه‌وه‌ژیانى نێوان پێكهاته و نه‌ته‌وه و ئایینه جیاوازه‌كانى كه‌ركووك كرد و رایگه‌یاند، كه پێویسته هه‌موو حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان رۆڵی ئه‌رێنى بگێڕن له گره‌نتى دان به هه‌موو لایه‌ك و دڵنیایان بكه‌نه‌وه كه له‌داهاتووى كه‌ركووكدا مافه‌كانیان زامنكراو ده‌بێ.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رجه‌م به‌شداربووان به‌شێوه‌یه‌كى ورد و بابه‌تیانه گفتوگۆیان كرد له‌باره‌ى هه‌ستیارى بارودۆخى كه‌ركووك، یه‌كده‌نگى و كۆده‌نگى هێز و لایه‌نه‌كان و كاریگه‌رى له‌سه‌ر پرۆسه‌ى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم كرده‌وه.
هاوكات به‌شداربووانى كۆبوونه‌وه‌كه جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه كه گه‌لى كوردستان به یه‌كڕیزى و یه‌كده‌نگى به ئامانجه‌كانى ده‌گات و ریفراندۆمیش مافێكى سه‌ره‌تایی گه‌لى كوردستانه.