كۆسرەت رەسوڵ: پێشمەرگە لە پاراستنی كەركووك بەردەوام دەبێت

نەجمەدین كەریم: کەرکووك شارێکی کوردستانییە و بە کوردستانیش دەمێنێتەوە
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

کۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرنەڤاڵی پشتگیریکردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە کەرکووك رایگەیاند، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبێ جیاوازی پێکهاتەکان کەرکووکی پاراستووە و لە پارێزگاریکردنیش لەو شارە بەردەوامدەبێت.

كۆسرەت رەسوڵ، راشیگەیاند: "كەركووك شاری برایەتی و تەباییە، بەڵام حكوومەتە یەك  لە دوای یەكەكانی عێراق تا ئێستا داواكارییەكانی خەڵكی كوردستانیان جێبەجێ نەكردووە".

گوتیشی: "حیساب بۆ بڕیاری بەغدا ناكەین كە بۆ لادانی دكتۆر نەجمەدین كەریم لە پۆستی پارێزگای كەركووك داویانە، چونكە ئەو بڕیارە بڕیارێكی سیاسییە".

كۆسرەت رەسوڵ، ئەوەشی خستەڕوو، ریفراندۆم لە وادەی خۆی ئەنجامدەدرێت و  داواشی لە دانیشتوانی کەرکووک کرد، بە بەڵێ دەنگ بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی بدەن.

ھەر لە كەرنەڤاڵی جەماوەری كەركوكو بۆ پشتیوانی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە وتەیەكدا نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووك رایگەیاند، کەرکووك شارێکی کوردستانییە و بە کوردستانیش دەمێنێتەوە.

پارێزگاری كەركووك داوای لە هاووڵاتیان کرد، رۆژی 25 ئەیلوول بە بەڵێ دەنگ بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بدەن.