په‌رله‌مانتارێكی سوید داوا ده‌كات حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی پاڵپشتی له‌ ریفراندۆم بكات

فریدریك مالم: سوید وه‌كو وڵاتێكی ئازادیخواز و دیموكراته‌ و رێز له‌ مافه‌كانی مرۆڤ ده‌گرێت
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

فرێدریك مالم، ئه‌ندام په‌رله‌مانی سوید لە پارتی ئازادیخوازی سویدی له ‌لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 له‌ نێو په‌رله‌مانی سویده‌وه‌ داوای له‌ حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی كرد پشتگیری ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان بكات و دان به‌ ئه‌نجامه‌كه‌شی بنێت.

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی سووید ده‌ڵێت: "ئێمه‌ زۆر خۆشحاڵین به‌وه‌ی ئه‌م سیمیناره‌ تایبه‌ته‌ له‌ په‌رله‌مانی سوێد ئه‌نجامبده‌ین له‌باره‌ی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان. پێمانوایه‌ كه‌ سوێد وه‌كو وڵات، ئازادیخواز و دیموكرات و وڵاتێكه‌ رێز له‌ مافه‌كانی مرۆڤ ده‌گرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی سوێدی هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ كوردیش روون بكاته‌وه‌ و پشتگیریی له‌ مافه‌ی ره‌وای گه‌لی كورد بكات له‌ دیارییكردنی چاره‌نووسی خۆیان و پشتگیریی له‌ ریفراندۆمی كوردستان بكات. هیواداریشم كه‌ حكومه‌ته‌كانی دیكه‌ له‌سه‌رانسه‌ری جیهان دان به‌ ئه‌نجامی ئه‌و ریفراندۆمه‌دا بنێن، چونكه‌ ئه‌وه‌ ویستی خه‌ڵكی كوردستانه‌ و كوردیش وه‌كو هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ بڕیار له‌ ئاینده‌ی خۆی بدات".