شاندێكی ھەرێمی كوردستان بەرەو بەغدا بەڕێدەكەوێت

گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەكرێت

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكەن و تاوتوێی پەیوەندییەكانی داھاتووی نێوان ھەولێر و بەغدا بكەن.

بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بۆ روونکردنەوەی دوایین هەڵوێست، شاندێكی دیكەی دانوستانکاری ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم سەردانی بەغدا دەكات و بە پێی زانیارییەكانی كوردستان24، ھەڵوێستی ھەرێمی كوردستان لەبارەی ریفراندۆم بۆ لایەنە سیاسییەكان و حكومەتی عێراق رووندەكرێتەوە و جەخت لەوە دەكرێتەوە كە ھەرێمی كوردستان خوازیارە ھەر بریارێك بە ئاشتیانە بدات.

لە كۆبوونەوەی نێوان مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و فوئاد مەعسووم، سەرۆك كۆماری عێراق كە 20 ئەم لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم و سەركردەی لایەنە سیاسییەكان بەڕێوەچوو، بڕیاردرا كە لەم ھەفتەیەدا شاندێكی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم سەردانی بەغدا بكات و گفتوگۆ لەبارەی گرفتەكانی ھەردوولا و ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوانیان بكەن.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا، فوئاد مەعسووم باسی دەستپێشخەرییەکەی خۆی کرد بۆ چارەسەری کێشەکانی کوردستان و بەغدا و ئەو هەوڵانەیش خرانە بەرباس کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە ئارادان.

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە 25 ئەم مانگە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە ھەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیداری ھەرێم بەڕێوەبچێت.