سه‌رۆك بارزانى: ریفراندۆم لەدەستی هیچ حزب و کەسێکدا نەماوە و له‌ واده‌ى خۆيدا بەڕێوە دەچێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد و رايگه‌ياند، ریفراندۆم بڕیاری گەلی کوردستانە و لەدەستی هیچ حزب و کەسێکدا نەماوە و لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت.

ئەم وتانەی سەرۆک بارزانی لەدیارێکدا هات کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە 23ـی9ـی2017 لەگەڵ برۆبۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فەرەنسا لەعێراق بەڕێوە چوو.

لەو دیدارەدا کە دۆمینیك ماس كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر ئاماده‌ی بوو، باڵیۆزی فەرەنسا لەعێراق رایگەیاند کە فەرەنسا دژی خواستی گەلی کوردستان نییە و خوازیارن پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان پەرە پێ بدرێت.

راشیگەیاند، کە فەرەنسا وەک بنەما دژی ریفراندۆمیش نییە، بەڵام پێمان وایە ئێستا کاتەکە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەبار نییە و رەنگە کاریگەریی لەسەر شەڕی دژی داعش بکات.

لە بەرامبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری ریفراندۆم بڕیاری یەک یا دوو حزب نییە و بڕیاری گەلی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە و بڕیاری پەرلەمانی کوردستانیشە و ئێستاش کاتی ئەوە نەماوە باس لە دواخستنی بکرێت و بڕیارەکەش لە دەست هیچ حزبێک و هیچ کەسێکدا نییە و ریفراندۆم لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

سەرۆک بارزانی بە وردی ئەو هۆکارانەشی روون کردەوە کە بوونەتە هۆی ئەوەی گەلی کوردستان هیچ ئومێدێکی بە پێکەوەژیان لەگەڵ بەغدا نەمێنێت و بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بدات.

تەئکیدیشی کردەوە کە گەلی کوردستان رۆژی 25ـی9ـی2017 دەچنە سەر سندوقی دەنگدان و ڕای خۆیان بە جیهان رادەگەیەنن.

سەبارەت بە داواکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا، سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە ئێمە هیچ کاتێک دەرگای گفتوگۆمان دانەخستووە و ئەمڕۆش شاندێک چوونەتە بەغدا تا بابەتەکە زیاتر بۆ لایەنە سیاسییەکانی عێراق روون بکەنەوە و لە دوای ئەوەش دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا کراوەیە و ئامادەین بە ئەجێندایەکی کراوە و دڵێکی کراوە لەسەر هەموو بابەتەکانی وەک سنوور، نەوت، ئاو، غاز و هەر بابەتێکی دیکە کە پێویست بێت گفتوگۆ بکەین تا بە رێگەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن ببینە دوو دراوسێی باش.