سه‌رۆك بارزانى: مافى ته‌واوى پێكهاتەکان لە دەستووری کوردستاندا دەچەسپێن

سه‌رۆك بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكى ئێزدييه‌كان كرد

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە میرتەحسین بەگ ميرى ئێزديان و بابێ شێخ و ئەنجوومەنی رووحانیی ئێزدی کرد.

رۆژی شەممە 23ـی9ـی2017 لە سەلاحەددین، مەسعود بارزانی سەرۆکى هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە میرتەحسین بەگ میری ئێزدیان و بابێ شێخ و ئەنجوومەنی رووحانیی ئێزدی و شاندێکی فراوان لە کەسایەتیی ئەکادیمی و رۆشنبیران  و پیاوماقوڵانی ئێزدی کرد.

لە دانیشتنەکەدا سەرەتا میر تەحسین بەگ، میری ئێزدیان، لە وتەیەکدا رایگەیاند، کە بۆ ئەوە هاتووین پشتیوانیی تەواوی کوردی ئێزدی بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە جەنابتان رابگەیەنین. میری ئێزدیان جەختی لەوە کردەوە کە کوردستان وڵاتی ئێمەیە و ئێزدی هەرگیز پشتی کوردستان بەرنادەن و هەموومان ئامادەین بۆ دەنگدان بۆ سەربەخۆیی کوردستان. جەختیشی کردەوە: "کوردی ئێزدی بە خۆشی و ناخۆشی، لەگەڵ کوردستانن".

لەبەرامبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی میر و بابێ شێخ و شاندەکە، پێی راگەیاندن کە ئێزدییەکان لە رابردوودا دووجار غەدریان لێ کراوە، جارێک لەبەر ئەوەی کوردن و جارێکیش لەبەر ئەوەی ئێزدین. بەڵام ئیدی نابێ ئەو ستەمانەی رابردوو لە گەلی کوردستان بەگشتی کراون دووبارە ببنەوە و ئێزدییەکان و سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان لەسایەی سەربەخۆیی کوردستاندا بەهەموو مافەکانیان دەگەن.

سەرۆک بارزانی راشیگەیاند، ئێمە فشارێکی زۆرمان هێنا تا توانیمان بەشێک لە مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینيیەکان لە دەستووری عێراقدا بچەسپێنین. بەڵام لەسایەی سەربەخۆییدا، خۆمان دەستووری خۆمان دەنووسینەوە و تەواوی مافەکانی سەرجەم پێكهاتەکان لە دەستووری کوردستاندا دەچەسپێن.