په‌رله‌مانتارێكی هه‌ده‌په‌ دژی توركه‌ نه‌ژادپه‌رسته‌كان هاته‌ ده‌نگ

ئایھان بیلگەن: كاتێك مووسڵ و كه‌ركووك له‌ ده‌ست بریتانیا بوو توركیا له‌ كوێ بوو

K24 - هه‌ولێر:

بەرامبەر لێدوانەكانی توركیا بۆ پاراستنی توركمانەكانی موسڵ و كەركووك، پەرلەمانتارێكی ھەدەپە بە توندی دێتە دەنگ و دەپرسێت، ئەو كاتەی ئەو دوو شارە لەدەست بەریتانیا بوون توركیا لە كوێ بوو بۆ دەنگی نەدەكرد؟.

ئایھان بیلگەن، پەرلەمانتاری ھەدەپە، کە لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەیەک لە نەژادپەرستەكانی تورك لە كۆڵانەكانی قارس نووسیویانە كەركووك و موسڵ شاری توركمانەكانن و باس لە داگیركردنی ئەو دوو شارە دەكرێت، بەڵام ئەو كاتەی ئەو دوو شارە لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا بوون و عەرەب ژێردەست بوو، بۆچی توركیا دەنگی نەدەكرد؟.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەوان دەخوازن لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست سازمانێكی دادپەروەرانە بونیات بندرێت و كورد و عەرەب و فارس و تورك بەیەكەوە و بە ئاشتی و ئازادی بژین.

پێشتر سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەژادپرستی توركیا رایگەیاند 5 ھەزار نەژادپەرستی تورك ئامادەن بە خۆبەخشی بەشداری تێكۆشانی توركمانەكانی كەركووك بن.