دۆستی رۆژه‌ سه‌خته‌كانی كورد له‌ رۆژه‌ مێژووییه‌كه‌دا ‌له‌ كوردستان بوو

وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا: دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان جێبەجێکردنی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانە بەرامبەر کورد

K24 - هه‌ولێر:

بێرنارد کوشنەر، دامەزرێنەری ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور و وەزیری پێشووتری دەرەوەی فرانسا و یەکێک لە دێرینترین دۆستەکانی کورد تایبەت بە کوردستان ٢٤ رایگەیاند پێویستە دانوستانی نێوان هەولێر و بەغدا بە چاودێری نێودەوڵەتی دەستپێبکات و ئاماژەشی بەوەدا کە وڵاتەکەی ئامادەیە نێوەندگیری ئەو دانوستانە بکات.

 کوشنەر ئاماژەی بەوەشدا کە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان جێبەجێکردنی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانە بەرامبەر کورد و هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی لە بەرامبەر ریفراندۆم بە گەمژانە وەسف کرد.

بێرنارد کوشنەر... دامەزرێنەری ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور و وەزیری پێشووتری فرانسا و یەکێک لە دێرینترین دۆستەکانی کورد ..پیاوێک لە ڕۆژانێکدا رووی لە کوردستان بوو کە کەم کەس گوێیان بۆ ئازاری کورد دەگرت ،

بەبۆنەی پرۆسەی ریفراندۆم کۆشنەر لە کوردستانە و وەک چاودێرێک چاودێری پرۆسەکەی دەکرد و پێیوابوو قۆناخی دوای ریفراندۆم گرینگترین قۆناخە و له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "پێویستە دانووستانی جددی لەگەڵ بەغدا دەستپێبکا چونکە سەربەخۆیی لە شەو و ڕۆژێکدا درووستنابێ من قسەم لەگەڵ بەرپرسانی فرانسا کردووە ئەوان ئامادەن ببنە لایەنێک لە دانوستانەکان یان یارمەتی دانوستانەکان بدەن تەنانەت بەشێک لە ئەمریکییەکانیش لەگەڵ ئەو بۆچوونەن".

کۆشنەر گەشتێکی دوور و درێژی لە کاری دیپلۆماتیدا هەیە ئەو پێیوابوو هەڵوێستی لایەنە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی ریفراندۆم گەمژانەبووە

كۆشنه‌ر ده‌ڵێت: "من هیچ گوێ بە قسەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نادەم ئەوان هێند گەمژە بوون کە پێێان وابوو دەتوانن ڕێگری لە ڕیفراندۆم بکەن بەڵام نەیانتوانی باشتربوو ئەوان گرینگی بە دۆخی کۆریا و ئێران و سووریا بدەن نەک بێن خۆیان بە دژایەتی کوردەوە سەرقاڵ بکەن".

ئەو پێیوابوو کە ریفراندۆم تەنها سەرەتایەک بووە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنە کۆنەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەشیگوت لەمڕۆوە هەڵوێستی لایەنەکان لەبارەی سەربەخۆییەوە دەگۆڕێت

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئەمە تەنها سەرەتایەکە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی کە دوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانی بە کورد درابوو سەد ساڵ ئەو بەڵێنە دواکەوت راستە ئێستا شتێک دەڵێن بەڵام دڵنیام کە هەڵوێستیان لەمڕۆوە گۆڕانی بەسەردا دێت چونکە ئەمە خواستی کوردە".

کوشنەر ئێستا تەمەنی ‌حەفتاو حەوت ساڵە و لە هەگبەی خۆیدا زۆر بیرەوەری جیاوازی هەڵگرتووە کە رەنگە هیچیان بۆ ئەو هاوشێوەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان دڵخۆشکەر نەبێ.