ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی به‌غدا له كۆبوونه‌وه‌دایه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه 28-9-2017 ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، به سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق كۆبووه‌وه.
پاش ئه‌وه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئه‌نجامدرا، حكومه‌تی عێراقی ژماره‌یه‌ك بڕیاری دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركردووه‌و ده‌یه‌وێت خاڵه سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان بخاته ژێر كۆنترۆڵی "ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی".
به‌ڵام تا ئێستا حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان به فه‌رمی دوایین بڕیاری له‌سه‌ر ئه‌و بڕیارانه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراق نه‌داوه‌و ئه‌گه‌ری هه‌یه پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌ڵامی به‌غدا بدرێته‌وه.
به گوێره‌ی مۆڵه‌تێكی حكومه‌تی عێراق، تا ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی، هه‌رێمی كوردستان ئاماده نه‌بێ ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌خانه‌كان بده‌نه ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی "فیدراڵی" گه‌شتی چوون و هاتن بۆ هه‌ر دوو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی له لایه‌ن به‌غداوه راده‌گیرێت.
شاره‌زایانی یاسا و ده‌ستوور پێیانوایه ئه‌و بڕیارانه سیاسی و كاردانه‌وه‌و هه‌ڵچوونی به‌غدایه به‌رامبه‌ر ریفراندۆم و له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراقدا نییه هه‌ر بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه جێبه‌جێ بكات، تا له په‌رله‌مانی كوردستان بریاری له‌سه‌ر نه‌درێت.