بارزانی: كاردانەوەكان حەقیقەت و ناخی ئەوانەی دەرخست كە دژی مافەكانی خەڵكی كوردستانن

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا كۆبووه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ باره‌ی هەڵوێست و كاردانەوەی بەغدا لەبەرانبەر دەنگی ڕەوای گەلی كوردستان، ئەوەی خستەڕوو كە "كاردانەوەكان لەبەرانبەر دەنگی ڕەوا و ئاشتیانەی گەلی كوردستان، حەقیقەت و ناخی ئەوانەی دەرخست كە دژی مافەكانی خەڵكی كوردستانن و زمانی هەڕەشە بەكار دەهێنن".

هه‌روه‌ها گووتی: "كاردانه‌وه‌كان دەریخست كە ئێمە چەندە لەسەر حەق بووین و بڕیاری ڕیفراندۆمیش چەندە بڕیارێكی ڕاست و ڕەوا بووە".

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و قسانه‌ی له‌ میانی پێشوازیكردن له‌ شاندی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا كرد، كه‌ ئه‌مرۆ 28/9/2017 ئه‌و دیداره‌ به‌ڕێوه‌ چوو.

لە دیدارەكەدا شانده‌كه‌ بەناوی خۆیان و گەلی كورد لە سووریا پیرۆزبایی سەركەوتنی ڕیفراندۆم و بەڵێ بۆ سەربەخۆییان لە سەرۆك بارزانی كرد و بە ڕۆژێكی مێژوویی لە مێژووی گەلی كوردستانیان لە قەڵەم دا كە بووە هۆی شادی و خۆشحاڵیی كوردانی هەموو پارچەكان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی پاڵپشتیی گەلی كورد لە سووریا و ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سووریای كرد و ڕایگەیاند "پشتیوانیتان بۆ خەڵكی كوردستان مایەی دڵگرمیی ئێمە بوو".