پەرلەمانی كوردستان وەڵامی بەغدا دەداتەوە

خوێندنەوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشەكەوتی مووچە دەكرێت

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و وەڵامی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەداتەوە كە دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەریانكردون، ھەروەھا خوێندنەوەی یەكەم بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دەكرێت.

بە گوێرەی بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی پەرلەمانی كورستان ئەمڕۆ تاوتوێی چەند پرسێك دەكەن تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەش وەڵامدانەوەی دوایین بڕیار و ھەلوێستی ئەنجوومەنی نوێنەران و حكوومەتی عێراق دەبێت.

ئەمەش دوای ئەوە دێت كە وەك كاردانەوە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، پەرلەمان وحكوومەتی عێراق چەند بڕیارێكیان دژی ھەرێمی كوردستانداوە، لە یەكەم ھەنگاویشدا دوێنێ 29/9/2017، بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان لە ھەردوو فڕۆكەخانەی ھەولێر و سلێمانی كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.

جگە لەوەڵامدانەوەی بەغدا بڕیاریشە پەرلەمانی كوردستان چەند پرسێكی تایبەت بە كاروباری داھاتووی پەرلەمان تاوتوێ بكات، وەك لە بەرنامەی كاری پەرلەمان ھاتووە، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان دەكرێت.

ھەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەست لەكاركێشانەوەی فەخرەدین قادر عارف، سكرتێری پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوەم ھەروەھا تاوتوێی ئاڵوگۆڕی لە لیژنە ھەمیشەییەكانی پەرلەمان دەكەن.

بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان
بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان