كوردستان دووه‌م ده‌وڵه‌تی دیموكراسی ناوچه‌كه‌یه

K24 - هه‌ولێر:
بێرنارد هێنری-لێڤی، فه‌یله‌سووف و ئه‌كادیمی ناوداری فه‌ڕه‌نسی ده‌ڵێت: "دوای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، وڵاتانی رۆژئاوا له دژی هه‌رێمی كوردستان، پاڵپشتی عیراق و توركیا و ئێران ده‌كات كه "ده‌وڵه‌تی شكستخواردوو و لاده‌رن" له‌كاتێكدا كوردستان ده‌بێته دووه‌م ده‌وڵه‌تی دیموكراسی له ناوچه‌كه‌دا".
لیڤی له میانی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی CNN ئه‌مریكی كه رۆژنامه‌نووسی ناودار "فه‌رید زه‌كه‌ریا" له‌گه‌ڵی سازدا‌و له وه‌ڵامی پرسیاری نه‌یارێتی به‌رفراوانی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌ڵێت: "به راشكاوی ده‌یڵێم ئه‌وه مایه‌ی نیگه‌رانییه‌كی قوڵه و هه‌ڵه‌كردنه له لێكدانه‌وه‌كانی ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا، له كوردستان ئه‌وان وه‌ك هاوپه‌یمانی سرووشتی ده‌بینن و ده‌نگیان بۆ درووستكردنی دیموكراسییه‌تی راسته‌قینه داوه، ده‌بنه دووه‌م ده‌وڵه‌تی دیموكراسی له ناوچه‌كه‌دا، كه‌چی ئێمه به‌شه‌رمه‌وه پێیان ده‌ڵێین وامه‌كه‌ن و پاڵپشتی ده‌وڵه‌ته شكستخواردووه‌كان ده‌كه‌ین، له عێراق ده‌وڵه‌ت هه‌ر نییه، به‌وهه‌ڵوێستانه توركیا و ئێران و عێراق به‌هێز ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی به‌هێز دژی كوردستان بگرنه به‌ر".
هێنری لێڤی ده‌ڵێت: "به‌راشكاوی ده‌یڵێم "ئه‌وه شووره‌ییه و هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ رۆژئاوا، من پێش چه‌ند رۆژێك له هه‌ولێر بووم، یه‌كێك بووم له چاودێره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئه‌و ریفراندۆمه، له راستیدا ریفراندۆمیكی باش بوو، به گوێره‌ی پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ڕێوه‌چوو و به دادپه‌روه‌رانه ده‌نگدان كرا".
ئه‌و فه‌یله‌سووفه فه‌ڕه‌نسییه ده‌ڵێت: "باروودۆخی ئه‌مڕۆی كورده‌كان (ئیسرائیلی ساڵی 1948)ـم بیرده‌خاته‌وه، 7 ملیۆن كه‌س له لایه‌ن 160 ملیۆن كه‌سی دوژمنه‌وه گه‌مارۆدراون، له ئیمپراتۆریه‌ته گه‌وره‌كان و ده‌وڵه‌ته لاده‌ره‌كان، ئێران هیچ دیموكراسیه‌تی تێدا نییه، توركیا به‌هۆی ئه‌ردۆغان رۆژ له رۆژ دیموكراسیه‌ت تیدا لاواز ده‌بێت، كه‌س پاڵپشتی كورد ناكات، دابڕینی كورد به‌و راشكاوییه له لای من و هه‌ر دیموكراتخوازێكی دیكه‌ی گوێی لێمان ده‌بێت، زۆر به ئازار و دڵ شكێنه".