ریفراندۆمی كاتەلۆنیا خوێناوی كرا

پۆلیس دەستی بەسەر چەند بنكەیەكی دەنگدان داگرتووە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دوای ئەوەی ئەمڕۆ پڕۆسەی دەنگدان بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە كاتەلۆنیا دەستیپێكرد، پڕۆسەكە پێشوی تێكەوت و پۆلیسی ئیسپانیا رێگری لە خەڵك دەكات بچنە بنكەكانی دەنگدان و دەنگ بدەن.

ئاوارە ھەورامی، پەیامنێری كوردستان24 لە بارسلۆنا رایگەیاند: "پۆلیسی ئیسپانیا لە ھەوڵدایە بۆ دەستگرتن بەسەر بنكە و سندوقەكانی دەنگدان و دەنگدەرانیش رووبەڕووی پۆلیس بوونەتەوە، لە ئێستادا پۆلیس لە چەند بنكەیەكی دەنگدان ئاستەنگی بۆ پڕۆسەكە دروستكردووە و دەستی بەسەر بنكەكان داگرتووە".

پێشتر پۆلیسی ئیسپانیا، ھەڕەشەی ئەوەی كردبوو كە دەست بەسەر سندوقەكانی دەنگدان دادەگرن، ھەرچەندە فشار و رێگری زۆر كرا، بەڵام کارلۆس پیوجیمۆنت، سەرۆكی ھەرێمی كاتەلۆنیا دەنگیدا.

لە بەرامبەر رێگرییەكانی پۆلیس بۆ پەكخستنی پڕۆسەی دەنگدانی ریفراندۆمی كاتەلۆنیا، زۆرێك لە ھاووڵاتیان لە بەردەم بنكەكانی دەنگدان گوڵیان پێشكەش بە پۆلیسەكان دەكرد، ئەمەش وەك گەیاندنی پەیامی ئاشتی ئەوان بە دەسەڵاتداران كە مەبەستیانە بڵێ بە ئاشتی و ئارامی دەیانەوێت بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆیان بدەن.

لەكاتی رووماڵكردنی پشێوییەكان چەند پۆلیسێك ھێرشیان كردە سەر پەیامنێری كوردستان24 و ویستیان رێگری لە رووماڵی كوردستان24 بكەن.

پەیامنێری كوردستان24 گوتی: "ناوی كوردستان ئاشنایە بە خەڵكی ئیسپانیا و دەزانن لە كوردستان ریفراندۆم ئەنجامدراوە، پۆلیس دەزانێ كوردستان24 كەناڵێكی كوردیە و گوێیان لەناوی كوردستان دەبێت، بۆیە ھەوڵدەدەن رێگریمان لێ بكەن".

ئەوەشی خستەڕوو: "لە کۆی دوو هەزار و 300 بنکەی دەنگدان هێزە ئەمنییەکانی ئیسپانیا دەستیان بەسەر زیاتر لە هەزار و 300 بنکەی دەنگدا گرتووە و رێگە نادەن هاووڵاتیان بەشداری لە ریفراندۆمی سەربەخۆ هەرێمەکەیان بکەن".

پەیامنێران گوتیشی: "بەھۆی توندوتیژی پۆلیسەوە ژمارەیەك لە ھاووڵاتیان برینداربوونەوە و ھەندێكیان گواستراونەتەوە بنكەكانی تەندروستی و ھەندێك لە سەر شەقامەكان لەلایەن تیمەكانی تەندروستی چارەسەریان بۆ دەكرێت".

بە گوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، هێزە ئەمنییەکانی ئیسپانیا بە مەبەستی بڵاوەپێکردنی دەنگدەران لەبەردەم بنکەکانی دەنگدان گولـلەی پلاستیکی بەکارهێناوە و بەهۆیەوە 40 دەنگدەر لە هەرێمی کاتەلۆنیا برینداربوون.

برینداربوونی ھاووڵاتیان لە كاتەلۆنیا
برینداربوونی ھاووڵاتیان لە كاتەلۆنیا

هەرێمی کاتەلۆنیا، یەکێکە لە 17 هەرێمە فیدڕاڵەکەی وڵاتی ئیسپانیا، لە رووی جوگرافییەوە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا، رووبەری كاتەلۆنیا 32,108 هەزار کم،

ھەرێمی كاتەلۆنیا له ساڵی 988 دامەرزاوە بە چەندین قۆناخ تێپەڕیووە چەندین جار دامەرزاوە و لەناوچووە، تا ساڵی 1932 لەسەردەمی کۆماری ئیسپانیا بوەتە هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی، بەڵام زۆری نەبرد ساڵی 1938 لە لایەن دیکتاتۆر فرانکۆوە هەڵوەشێنراوە، دوای مردنی فرانکۆ جارێکی دیكە لە ساڵی 1979 کاتەلۆنیا دەبێتەوە هەرێم.

كاتەلۆنیا خاوەنی پەرلەمانی خۆیەتی کە لە ساڵی 2012 هەڵبژێراوە لە 135 ئەندام پەرلەمان پێکهاتووە. لە رووی کارگێڕیەوە بە سەر 4 پارێزگا دابەشبوە كە ھەر یەك لە (بارسلۆنا، گەرنادا، لاردە، تەراگۆنا) بە گوێرەی ئامارێك ژمارەی دانیشتوانی 7,522,596 كەسە.

كاتەلۆنیا لە رووی ئابوورییەوە، کەرتی پیشەسازی و گەشتیاریەکی بەهێزی هەیە کە بە بڕبڕەی پشتی ئابوری ئیسپانیا دادەنرێت. ھەروەھا هەرێمی کاتەلۆنیا خاوەنی یەكێك لە یانە بەھێزەكانی وەرزیشە جیهانە ئەویش یانەی بارسلۆنایە کە لە ساڵی 1899 دامەرزاوە و ئابوورییەکی باشی بۆ هەرێم و ئیسپانیا ھەیە.

کارلۆس پیوجیمۆنت، سەرۆكی ھەرێمی كاتەلۆنیا لەكاتی دەنگدان بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كاتەلۆنیا
کارلۆس پیوجیمۆنت، سەرۆكی ھەرێمی كاتەلۆنیا لەكاتی دەنگدان بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كاتەلۆنیا

دەسەڵاتدارانی کاتەلۆنیا ئاشکرایان کردووە کە پرۆسەی دنەگدان لە 73% بنکەکانی دەنگدان لە هەرێمی کاتەلۆنیا بەردەوامە، لەکاتێکدا هێزە ئەمنیەکانی ئیسپانیا بەشێک لە بنکەکانی دەنگدانیان داخستووە و رێگە بە دەنگدەران نادەن بەشداری ریفراندۆمی سەربەخۆیی بکەن.

حکومەتی ئیسپانیا ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کاتەلۆنیا بە نایاسایی و نادەستووری ناوبردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە کە رێگە نادەن بنکەکانی دەنگدان لە شوێنە گشتیەکان دابندرێن، بەڵام زۆرینەی ھاووڵاتیانی كاتەلۆنیا سوورن لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە و راگەیاندنی سەربەخۆیی ھەرێمەكەیان.

ریفراندۆمی كاتەلۆنیا خوێناوی كرا
ریفراندۆمی كاتەلۆنیا خوێناوی كرا
ریفراندۆمی كاتەلۆنیا خوێناوی كرا
ریفراندۆمی كاتەلۆنیا خوێناوی كرا
ریفراندۆمی كاتەلۆنیا خوێناوی كرا