داعش به‌رپرسيارێتى هێرشه‌كه‌ى لاس ڤێگاسى گرته‌ ئه‌ستۆ

به‌ هۆيه‌وه‌ 50 كه‌س كوژران و 200ى ديكه‌ له‌ ئاكامى ئاهه‌نگگێڕاندا بريندار بوون

K24 – هه‌ولێر:

ئاژانسى هه‌واڵده‌رى رۆيته‌رز بڵاويكرده‌وه‌، كه‌ رێكخراوى داعش به‌رپرسيارێتى هێرشه‌كه‌ى لاس ڤێگاسى گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ، كه‌ به‌ هۆيه‌وه‌ 50 كه‌س كوژران و 200ى ديكه‌ له‌ ئاكامى ئاهه‌نگگێڕاندا بريندار بوون.

پۆلیسی ئەمریکا رايگه‌ياند، هێرشبەرەکە کوژراوە و خەڵکی شاری نیڤادایە و هاووڵاتييه‌كى ئه‌مريكاييه‌.

لاس  ڤێگاس ئەو شارەی ویلایەتی نیڤادا کە هەرگیز ناخەوێ ئەمجارە رووبەڕووی چەند هێرشێکی چەکداری بووەوە، سەرەتا هێرشکرایە سەر ئامادەبوانی کۆنسێرتێک و ژمارەیەکی زۆر بوونە قوربانی، وەک ئامادەبوانی کۆنسێرتەکەش دەڵێن هێرشەكه‌ بۆ ئەوان وەک شۆکێک بووە و تا ساتی هەڵهاتنی گۆرانیبێژەکەش باوەڕیان نەکردووە.

یه‌كێك له‌ شایه‌تحاڵه‌كان ده‌ڵێت: "ئێمە لە فێستیڤاڵی رۆوت91 بووین دەنگی تەقە هات بەڵام باوەڕمان نەکرد تا ئەوساتەی گۆرانیبێژ جەیسن ئەڵدن ستەیجی گۆرانیگوتنی بەجێهێشت، ئەو شەش جار دەستڕێژی کرد ئینجا خەڵک بەشێکیان هەڵاتن و بەشێکیان خۆیان دانەواند، ئەو کاتە گوێم لێبوو هەندێ شوشە شکان کە بوتڵ بوون زۆر سەیر بوو لە سەرەتا وامان زانی یاری ئاگرینە".

بەگوێرەی وتەی شاهێد‌حاڵەکان تەقەکەرەکە چەکی ئۆتۆماتیکی پێبووە و دوای تەقەکردن لە کۆنسێرتەکەش دەنگی تەقە لە قومارخانەیەکی نزیک لە شوێنی رووداوەکە بیسترا کە تا ئێستا ئاکامەکەی نەزانراوە و پۆلیسی لاس ڤێگاسیش داوای لە هاووڵاتیان کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە، ئەمە جیا لە داخستنی فڕۆکەخانەی شارەکە کە یەکێکە لە گرینگترین فڕۆکەخانەکانی ئەمریکا.

ئەمە یەکەمجار نییە کە هێرشی لەو جۆرە دەکرێ پێشتریش لە شاری مانچێستەری بریتانیا لە ئەنجامی تەقینەوەیەک کە لە کۆنسێرتێکی ئاریانا گراندی گۆرانیبێژدا روویدا ژمارەیەکی زۆر کەس بوونە قوربانی.