ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی حەویجە دەستیپێكرد

ھێزەكانی عێراق لە پێشڕەویدان

K24 - ھەولێر

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی ناوەندی شارۆچکەی حەویجەیان دەستپێکرد.

عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوەندی شارۆچکەی حەویجە و ناحیەی ریاز لە سنووری ئەو شارۆچکەیە دەستپێکردووە.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی عێراق بە ئاراستەی ئامانجە دیاریکراوەکان لە پێشڕەویدان.

بەرەبەیانی 21/9/2017 قۆناخی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی حەویجە دەستیپێكرد و ھێزەكانی عێراق چەند شارۆچكە و ناوچەیەكی سەر بە حەویجەیان لە دەست چەكدارانی داعش رزگاركرد.

پێشتر سەرچاوە سەربازییەكانی عێراق ئاشكرایان كردبوو، لە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجەی باشووری كەركووك، 48 ھەزار سەرباز لە ھێزە جیاجیاكانی عێراق بەشداری ئۆپراسیۆنەكە دەكەن و زۆرینەشییان لە پۆلیسی فیدڕاڵی دەبن، 8 ھەزار ئۆتۆمبێلی سەربازی و 200 تانكی لە جۆری ئەبرامز و تی 72 و تی 55 لە شەڕەكاندا بەكاردەھێنرێن.