سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا: پێویسته‌ مافه‌كانی كورد ده‌سته‌به‌ر بكرێت

ئیمانوێل ماكرۆن: ئاماده‌ی نێوه‌ندگیرین و نابێت گرژی درووست بێت
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

پاش كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیان هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیان سازكرد.

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند: "باسمان له‌ ئاسته‌نگه‌كانی بواری سیاسی و ئابووری كرد كه‌ رووبه‌ڕووی عێراق ده‌بێته‌وه‌و فه‌ڕه‌نسا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ چاكسازی بكرێت و كێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێت و به‌غدا له‌گه‌ڵ هاوڕێ كورده‌كانی گفتوگۆی بنیاتنه‌رانه‌ ده‌ستپێبكات و له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا مافی كورد بدرێت و هه‌مووان پابه‌ندی ده‌ستووری عێراقبن و مافی هه‌موو پێكهاته‌كان پارێزراوبێت".

هه‌روه‌ها گووتی: "نابێت ریفراندۆمی رۆژی 25/9/2017  ببێته‌ هۆی درووستبوونی گرژی و پێویسته‌ دۆخه‌كه‌ هێوربكرێته‌وه‌و گفتوگۆ بكرێت و ئێمه‌ش ئاماده‌ین نیوه‌ندگیری بكه‌ین له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.

هه‌روه‌ها ماكرۆن گووتی: له‌ دیداره‌كه‌دا باسی ئاسته‌نگه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كراوه‌و ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ عێراق بۆ شه‌ڕی داعش به‌رده‌وام ده‌بێت، دۆخی عێراق ئاسان نییه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ھێزه‌كانی عێراق دژی داعش به‌رده‌وامه‌ و زۆر دڵگرانین به‌ كۆچی دوایی سه‌رۆكی پێشووی عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی".

سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد "پابه‌ندین به‌ هاوكارییه‌كانمان له‌ ناو هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ زووترین كاتدا داعش له‌ عێراق له‌ ناوبه‌رین و فه‌ڕه‌نسا یه‌كه‌م وڵات بوو هاوكاریی عێراقی كرد و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هاوكاریكردن تا داعش له‌ ناو ده‌برێت".

ھەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: "كۆمەڵێك كێشە ھەیە لە عێراق و ناوچەكە، پێویستمان بە ھەوڵی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ چارەسەری كێشەكان". گوتیشی: " كورد كە بەشێكە لەعێراق بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە دەستوور دەرچوون، وەك حكومەت و پەرلەمان بڕیارماندا كە ریفراندۆمەكە ھەڵبوەشێتەوە، ئێمە ھیوا و ئامانجەكانی كورد لەبەرچاو دەگرین، بەڵام لە چوارچێوەی دەستوور". راشیگەیاند: "ناتوانرێت لەدەرەوەی بڕیاری حكوومەت جوڵە بە ھیچ ھیزێك بكرێت، ئێمە خوازیاری بەركەوتنی سەربازی نین".