بارزانی و جبووری كۆبوونه‌وه‌

سه‌ردانه‌كه‌ پاش دیداری نێوان سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگرانی سه‌رۆككۆماری عێراقه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8/10/2017 سه‌لیم جبووری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، گه‌یشته‌ شاری هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی جبووری، بۆ باسكردنی دوایین پێشڤه‌چوونه‌وه‌كانی ره‌وشی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان بارزانی و جبووری باسی پرسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و هه‌لومه‌رجی نوێی ناوچه‌كه‌ ده‌كرێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: " مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەلیم جبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد".
لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان و كاردانەوەكان ئاڵوگۆڕ كرا.
هەر لەو دیدارەدا وێڕای دووپاتكردنەوەی پێویستی پاراستنی سەقامگیری و ئاساییش و دووركەوتنەوە لە گرژی، جەخت لەسەر هێوركردنەوەی بارودۆخی سیاسی و پشتبەستن بە پڕەنسیپی گفتوگۆ بە ئەجیندای كراوە و بەشداریی هەمەلایەنە بۆ گەییشتن بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرایەوە.

سه‌ردانه‌كه‌ی جبووری پاش رۆژێكه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌یاد عه‌لاوی و ئوسامه‌ نوجێفی جێگرانی سه‌رۆككۆماری عێراق، كه‌ رۆژی 7/10/2017 له‌ سلێمانی كۆببوونه‌وه‌.

له‌ پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێش فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم رایگەیاند، ئامادەبووانی كۆبوونەوە, لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێككەوتن.

1- دەستپێكردنی گفتوگۆ و كۆبوونەوەكان لەنێوان لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان لە عێراق بۆ هێوركردنەوەی باروودۆخەكە.

2- كۆبوونەوەكان لەسەر ئەجێندای كراوە ئەنجام بدرێن.

3- هەڵگرتنی دەستبەجێی سزاكان لەسەر هەرێمی كوردستان.

4- دەستپێكردنی كۆبوونەوەكان لە داهاتووێكی نزیكدا، بە پشت بەستن بە ئالیەتێكی تایبەت بۆ هەماهەنگی بەردەوام.