دەربارەی: خۆکوشتن و پێشگرتن لە خۆکوشتن

Kurd24

لە 4ی ئابی 2017 گوتارێک لە سوید بڵاوکرایەوە و تێیدا، باس لەکەم تەرخانکردنی پارە، بۆ پێشگرتن لە خۆکوشتن دەکا. هەر لەم گوتارە نووسرایە، لە ساڵی ڕابردوو 26 کەس بە کارەساتی هاتووچۆ لە ستۆکهۆڵم مردوون و شارەوانی ستۆکهۆڵمیش بۆ یەک ساڵ 67 ملیۆن کڕۆنی بۆ کەمکردنەوەی مردن بە کارەساتی هاتووچۆ خەرجکردووە. ئەوەش دەکاتە ئەوەی بۆ ڕزگارکردنی هەر کەسێک 5.2 ملیۆن (250 هەزار) دۆلاری ئەمریکی تەرخانکراوە. پلانەکانی هاتووچۆ، لەراستیدا زۆر سەرکەوتووبوون، بەڵام ئەگەر لەگەڵ خۆکوشتن بەراوردی بکەین، جیاوازیێکی گەورە دەبیندرێ.

لە ساڵی 2008 پەرلەمانی سوید بڕیاریدا، کار بۆ سفر خۆکوشتن بکەن، بەڵام ئەو بڕیارە نەیتوانی ڕێ لە خۆکوشتن بگرێ و ژمارەکە کەمبکاتەوە. بەڵام هەنگاوی مردن بە کارەساتی هاتووچۆ، کە پەرلەمانی سوید لە ساڵی 1997 بڕیاری لەسەردا، بەوەی ژمارەی مردووان بۆ ڕێژەی نیوە کەمبکەنەوە، زۆر سەرکوتووبووە. مردن لە ڕێگای خۆکوشتن، بە بەراورد لەگەڵ مردن بە کارەساتی هاتووچۆ، شەش جار زیاترە. ساڵانە لە سوید نزیکەی 1500 کەس خۆی دەکوژێت، بەڵام لە ڕێگای ئۆتۆمبیل بە هەمووی 260 کەس دەمری. (دانیشتوانی سوید 10 ملیۆن کەسە).

ئەو ژمارەی سەرەوە، دەکاتە ئەوەی، رۆژانە 4 کەس لە سوید خۆی دەکوژی. پۆلیس ناچارە لە دەرگای چوار خانەوادە بدات و ئاگاداریان بکاتەوە، بەوەی منداڵەکەیان یان برادەرەکەیان خۆی کوشتووە و جارێکی دیکە بۆ ماڵ یان لای ئەوان ناگەڕێتەوە.

بێگومان کاری زۆر بۆ پێشگرتن لە خۆکوشتن لە وڵاتانی پێشکەوتوو کرایە، بەڵام هێشتا نەیانتوانیووە بەسەر ئەم کێشە گەورەیەی مرۆڤ زاڵبن. بە هەبوونی پلانی توخمە و ئیمکانیاتی ماددی پێویست و یارمەتی حکومەت، بە بڕوای شارەزایان، ڕێژەی خۆکوشتن کەمدەکرێتەوە، چونکە بۆئەوەی ژیان ڕزگار بکرێ، دەبی بودجەی باش و پارەی پێویست تەرخان بکرێ، دەبی کاری زۆر لەسەر هۆکانی خۆکوشتن بکرێ، ژینگەی خۆش و لەبار بۆ کەسانی نەخۆش فەراهەم بکرێ، تیمی جیا جیا دروست بکرێت و وەڵامی هەموو تەلەفۆنەکان بدرێنەوە، جگە لەوە لەکاتی پێویست، بە ماوەیەکی کەم بگەنە لای کەسی نەخۆش و یارمەتی بدەن. ئەو کەسانەی خۆدەکوژن یان هەوڵی خۆکوشتن دەدەن، بەشێوەیەکی گشتی، کەسانی نەخۆشن، کێشەی دەروونییان هەیە و پێویستییان بە یارمەتی پزیشک و خەڵکی پسپۆر هەیە.

ساڵانە 100 – 150 ملیۆن کڕۆن لە سوید بۆ کەمکردنەوەی کارەساتی هاتووچۆ خەرج دەکرێ، لەهەمان کات، تەنیا 3 ملیۆن کرۆن بۆ توێژینەوە لەسەر دڵتەنگی خەرج دەکرێ. شەرم، هەستکردن بە قەرزاری، ترس...هتد، کاریگەرییان لەسەر خۆکوشتن هەیە. نە لە میدیای سویدی نە لە میدیای وڵاتانی دیکەی پێشکەوتوو، باس لە خۆکوشتن ناکرێ، بەڵام باسنەکردن هیچ ناکاتە ئەوەی کار بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی خۆکوشتن نەکرێ. زۆر کەس لەوبڕویەدان، ئەگەر حکومەتی سویدی هەمان بودجەی هاتووچۆ بۆ پێشگرتن لە خۆکوشتن تەرخان بکا، ئەنجامی زۆر باشی دەبیت و ڕێژەکە بۆ نیوەی کەمدەکرێتەوە. بەڵام بۆئەوەی ڕێژەی خۆکوشتن لەهەر وڵاتێک کەمبکرێتەوە، دەبی هەڵمەتێک لەسەر ئاستی نیشتمانی بۆ سیاسەتمەدار و هاووڵاتییان دەستپێبکات، کە هەموو کەسێک دەتوانی تێیدا بەشداربێت و کار بۆ کەمخۆکوشتن  بکات و زانیاری باشی پێبدرێ.

ئاماری ڕێک و دروست لەسەر خۆکوشتن و مردن بە کارەساتی هاتووچۆ لە کوردستان نییە، لەوانەیە هەربیریش لە پێشگرتن لە خۆکوشتن نەکرابێتەوە و هیچ کاتێک لە پلانی حکومەت بوونی نەبووبێ. یەک لەو هۆیانەی نەبوونی ئەو ئامارە، پەیوەندی بە شێوە ژیانی ئیسلامی و کوردەوارییەوە هەیە، کە مردوو زوو دەبی بنێژرێ و بۆ پزیشکی دادوەری نابەن و خانەوادەی بە پێویستی نازانن. دەربارەی خۆکوشتنیش، لە کوردەواری جگە لەوەی کۆستێكی گەورەیە، خانەوادەی کەسی مردوو بەداخەوە، هەست بە شەرمەزاریێكی گەورەش دەکەن، بەتایبەتیش ئەگەر کەسی مردوو کچ بێت. هەربۆیەش لەجیاتی ئەوەی راستییەکەی بە خەڵک بڵێن، بیر لە داڕشتنی چیڕۆکێکی هەڵبەستراو دەکەنەوە، کە خۆشیان بڕوایان پێی نییە... نەبوونی توێژینەوە، نەبوونی ڕێکخراوی پێویستی مەدەنی، کارنەکردن لەسەر هۆکانی خۆکوشتن، ژمارەی خۆکوشتن لە کوردستان کەمناکاتەوە، بەڵکو لە باشترین حالەت، وەک ئەمڕۆ دەیهێلێتەوە، کە ژمارەیەکی زۆر بەرزە.