حكومەتی عێراق: نیازی ھێرشكردنە سەر ھەرێمی كوردستانمان نییه‌

سه‌عد حه‌دیسی: ئه‌و هێزانه‌ كیۆماڵی ناوچه‌ تازه‌ رزگاركراوه‌كانی حه‌ویجه‌ ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی سپۆتنیكی رووسی، رەتیكردەوە ھێزەكانی عێراق نیازی ھێرشكردنە سەر ھەرێمی كوردستانیان ھەبێت و رایگەیاند، بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە دەنگۆیانە، ھەوڵێكە بۆ نانەوەی ترس و راڕایی لە نێو خەڵك و درزخستنە نێو پێكھاتەكانی عێراق.

ئه‌و قسانه‌ی گوته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق له‌ كاتێكدایه‌، هێزه‌كانی عێراق له‌ ناوچه‌كانی رۆژئاوای كه‌ركووك جوڵاون و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌وباره‌وه‌ پێشوه‌خته‌ هۆشدارییدابوو كه‌ عێراق له‌ باشوور و باشووری رۆژئاوای كه‌ركووك و ناوچه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا نیازی هێرشكردنه‌ سه‌ر كوردستانی هه‌یه‌، ئه‌و هۆشدارییه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پیلانی هێزه‌كانی عێراق هه‌بووه‌.

له‌سه‌ر زه‌ویش هێزه‌كانی عێراق بینراون كه‌ له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نزیكبوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سه‌عد حه‌دیسی گوتوویه‌تی: "سوپا و هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراق كیۆماڵی ئه‌و ناوچانه‌ی حه‌ویجه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تازه‌ له‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش كۆنترۆڵكراونه‌ته‌وه‌و ئه‌و ناوچه‌یه‌ش رووبه‌رێكی فراوانه‌ و ده‌یانه‌وێت له‌ ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌كان دڵنیابن و رێگه‌ نه‌ده‌ن جارێكی دیكه‌ داعش بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆی زه‌مینه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان خۆش ده‌كه‌ن".