"كۆمسیۆن ناتوانێ ھەڵبژاردنەكان لە وادەی دیاریكراو ئەنجامبدات"

"یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكان لە رووی یاساییەوە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستانە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پەرلەمانتارێك لە لیژنەی یاسای پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، كۆمسیۆن ناتوانێت ھەڵبژاردنەكان وادەی دیاریكراوی خۆی ئەنجامبدات، یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانیش لە رووی یاساییەوە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستانە.

لەبارەی كۆبوونەوەو لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستانەوە، مونا قەھوەچی پەرلەمانتاری پیكھاتەی توركمان لەپەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند، كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی پێیراگەیاندووین كە بەھۆی چەندین ھۆكارەوە ناتوانن ھەڵبژاردنەكان لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام بدەن.

مونا قەھوەچی ئاشكرای كرد: "بۆمان دەركەوتووە كە كۆمسیۆن ناتوانێ بە ھیچ شێوەیەك لە ئێستادا پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی لەكاتی دیاریكراو ئەنجامبدات".

روونیكردەوە: "یەكێك لە ھۆكارە سەرەكییەكان لە رووی یاساییەوەیە، ئێستا یاسای پەرلەمانی كوردستان ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ناگرێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەنگیان بە ریفراندۆم و لەرووی یاساییەوە گەڕاونەتەوە سەر ھەرێمی كوردستان، بەڵام لە ماوەیەكی كەمدا ئەوە گرفتە چارەسەرناكرێت، ھەروەھا كێشەی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان ھۆكارێكی دیكەیە و تا ئێستا حزبەكان یەك ھەڵوێست نین و ھەڕەشەی وڵاتانی ناوچەكەش لەسەر كوردستان بەردەوامە".