تره‌مپ به گۆڕینی ناوێك ئێرانییه‌كان توڕه ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌و وشه قورسه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌كاریهێنا، ئێرانییه‌كانی تووشی كاردانه‌وه‌ی توندكردووه، كاتێك بۆ یه‌كه‌مینجار سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌بری"كه‌نداوی فارسی" گووتی "كه‌نداوی عه‌ره‌بی" بۆیه جگه له كاردانه‌وه فه‌رمییه‌كان، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش بووه جێگه‌ی پرسیار، ئایا تره‌مپ به مه‌به‌ست وایگوتووه یان لێی تێكچووه؟.
گوتاره تونده‌كه‌ی تره‌مپ كه سه‌ردێڕه‌كانی ستراتیژه نوێیه‌كه‌ی له خۆگرتبوو به‌رامبه‌ر ئێران، جگه له پشتڕاستنه‌كردنه‌وه‌ی پابه‌ندبوونی تاران به رێككه‌وتننامه ئه‌تۆمییه‌كه‌وه، ئه‌و وڵاته‌شی به پاڵپشتی گرووپه تیرۆریستییه‌كانی جیهان ناوبرد.
له گوتاره‌كه‌یدا تره‌مپ گووتی: "ئێران كۆسپی بۆ جووڵه‌ی كه‌شتیوانیی له كه‌نداوی عه‌ره‌بی و ده‌ریای سوور درووستكردووه".
ئێرانییه‌كان ئه‌و لێدوانه‌ی تره‌مپ به ئیستیفزازی ده‌زانن، تا ئه‌و راده‌یه‌ی حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆككۆماری ئێران گووتی: "پێویسته شاره‌زای جوگرافیابن، چۆن سه‌رۆكی وڵاتێك ناوی ناسراوی كه‌نداوێكی نێوده‌وڵه‌تی كه "كه‌نداوی فارسه" نازانێت له كاتێكدا كه‌شتییه‌كانی ئه‌مریكا به‌بێ هۆ به‌ناویدا ده‌سوڕێنه‌وه؟".
چونكه له زمانی ئینگلیزی‌دا، به‌و رێڕه‌وه ئاوییه‌ی ده‌كه‌وێته نێوان ئێران و وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌گوترێت "كه‌ناوی فارس".
وڵاتانی عه‌ره‌بیش به "كه‌نداوی فارس" زۆر هه‌ستیارن، پاش ئه‌وه‌ی له په‌نجاكاندا له سه‌ربه‌خۆییان له بریتانیا وه‌رگرت، ناویانناوه "كه‌نداوی عه‌ره‌بی".
له نه‌خشه‌كانی گوگڵیشدا نووسراوه "كه‌نداوی فارس" و له نێوان دوو كه‌وانه‌دا نووسراوه (كه‌نداوی عه‌ره‌بی) بۆ ئه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كان نیگه‌ران نه‌بن، هێزی ده‌ریاوانی ئه‌مریكاش به‌هه‌مانشیوه نه‌خشه‌كانیان به‌كارده‌هێنن تا هاوپه‌یمانه عه‌ره‌به‌كانیان نیگه‌ران نه‌كه‌ن".
له مانگی حزه‌یرانی رابردووش‌دا، ریكس تیلرسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاش گووتبووی: "كه‌نداوی عه‌ره‌بی".