وەزیری کشتوکاڵ: ئێران و توركیا نیگەرانن

باجمان لەسەر بەروبوومەكان داناوە بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ

K24 – ھەولێر:

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئێران و توركیا لە بڕیارەكانیان نیگەرانن.

عەبدولستار مەجید، رایگەیاند: " لەو كاتە باجمان لەسەر بەروبوومەكان داناوە بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ، ئێران و تورکیا وڵاتانی دیكەش ھەن لە بڕیارەکانمان نیگەرانن، ھەندێك لەو وڵاتانەش نیگەرانیەكانیان نەشاردوەتەوە و رایانگەیاندووە، بەڵام ئەوەی بەخزمەتی بزانم بۆ ھاوڵاتیان ئەنجامی دەدەم و لەسەری بەردەوام دەبم".

راشیگەیاندووە: "سیاسیەتمان وایە ھاوسەنگی رابگرین لەنێوان جوتیار و ھاوڵاتیاندا، بەڵام بڕوام وایە نەبینە خاوەن بەرھەمی خۆماڵی خۆمان ‌و لەسەر پێی خۆمان نەوەستین ناتوانین بڕیاری سیاسی سەربەخۆمان ھەبێت، دەبێت ھەمیشە چاومان لە وڵاتانی تربێت ھەرکاتێکیش سنوریان داخست بە سەرماندا ئێستا کە کیلۆیەک تەماتە بەھەزار دینارە ئەوکات دەبێتە ١٠ ھەزار".

وەزیری كشتوكاڵ ئەو گوتانەی لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردوتەوە.

 لە بەشێكی دیكەی پۆستەكەدا نوسیویەتی: "بازرگانەکانمان نیگەرانن لەدانانی باج لەسەر بەروبوومەکان‌، ئەوەش کاریگەری لەسەر پەیوەندییە بازرگانیەکانمان دەبێ، منیش پێموتن جوتیارەکان‌ و خاوەن کێڵگەکان ‌و کۆمپانیاکانی ئێمەش نیگەرانن، ھەموویان لەزیاندان بەھۆی بەرھەمی ئێرانی تورانی".

بۆ بەرزكردنەوەی داھات و فرۆشیاری زیاتر لەسەر بەروبوومە ناوخۆییەكان، ساڵی 2014، حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریدا كە باج لەسەر ئەو بەروبوومانە دابنرێت كە ھاوردەی ھەرێمی كوردستان دەكرێن، لە ساڵی 2015وە ئەو بڕیارە چووە واری جێبەجێكردنەوە، ئەو بڕیارەش بووەتە مایەی نیگەرانی لای وڵاتانی درواسێ بە تایبەتی ئێران و توركیا كە زیاتر لە وڵاتانی دیكە بەروبوومەكانیان ھەناردەی باشووری كوردستان دەكەن.