ترێنت فرانكس بۆ عه‌بادی: بیسەلمێنه‌ داردەستی رژێمی تاران نی

"حەشدی شعبی وێنەی راستەقینەی خۆی نیشان دا"

K24 - هه‌ولێر:

ترێنت فرانکس، کۆنگرێسمانی ئەمریکی داوا لە حەیدەر عەبادی, سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات, بیسەلمێنیت داردەستی رژێمی تاران نییە.

هەروەها داوا دەکات عەبادی بەڵێنی خۆی بەجێ بێنێت و رێگە نەدات بە دەستێوەردانی بیانی و هێرشی هێزی بیانی یان هێزەکانی عێراقی لەدژی کوردەکان.

هۆشداریش دەدات له‌وه‌ی ئەگەر عەبادی نەتوانێت ئەمە بسەلمێنێت، ئەمریکا ناچار دەبێت هاوکاریی عێراق نەکات بۆئەوەی عێراق لەدژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەم پشتیوانییە رادەستی رژێمی ئێران نەکات.

لە راگەیەندراوێکدا، فرانکس دەڵێت پێویستە ئەمریکا کۆتایی بە بێ هەڵوێستیی خۆی لەبەرامبەر کوردەکان و وەفادارترین هاوپەیمانی خۆی بێنێت.

داواش دەکات وەک چۆن ئەمریکا لەکاتی سەربەخۆیی خۆی لە بەریتانیا پشتیوانیی لێ کرا، بەهەمان شێوەش پێویستە ئەمریکا پشتیوانی لە مافی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بکات، ئەمەش لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە.

ئەم کۆنگرێسمانە دەڵیت: "حەشدی شعبی وێنەی راستەقینەی خۆی نیشان داوە و هیچ گرنگییەک بە ئاسایشی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نادات".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئەو ‌‌هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ئامرازێک لەناو دەستی رژێمی گەندەڵی ئێران ناو دەبات کە مەبەستیان جێبەجێکردنی ئامانجی ئێران بۆ درووستکردنی هیلالی شیعی و یارامەتیدانی گرووپی تیرۆریستیی وەک حیزبوڵڵایە".