تيله‌رسن بۆ عه‌بادى: خۆتان له‌ پێكدادان به‌دوور بگرن

وڵاته‌كه‌ى سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى دانووستان بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور.

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا ريكس تيله‌رسن، له‌ ميانى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ حه‌يده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق رايگه‌ياند، پێويسته‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ هه‌ر جۆره‌ پێكدادانێك.

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى حه‌يده‌ر عه‌بادى، له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا بڵاويكرده‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تيله‌رسن، ستايشى سه‌ركه‌وتنى هێزه‌ عێراقييه‌كانى به‌سه‌ر داعشدا كردووه‌ و ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ى به‌ كارێكى به‌رز و گه‌وره‌ وه‌سفكردووه‌.

هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌سه‌ر يه‌كپارچه‌يى عێراق و گرنگى پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور كردووه‌ته‌وه‌ و دووپاتيشى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى دانووستان بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور.

هه‌روه‌ها پرسى سه‌قامگيرى به‌ پێويستى هه‌ره‌ گرنگى عێراق زانيوه‌ و هيواشى خواستووه‌ هه‌ماهه‌نگى له‌ هه‌موو بواره‌كان هه‌بێت به‌ تايبه‌تى له‌ رووى چالاكييه‌ ئابوورييه‌كان.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا ريكس تيله‌رسن به‌ سه‌ردانێكى رانه‌گه‌يه‌ندراو گه‌يشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى كۆبوويه‌وه‌.