عه‌بادى سه‌ردانى ئه‌سه‌د ده‌كات

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌م نزيكانه‌ حه‌يده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق بۆ ديدارى به‌شار ئه‌سه‌دى سه‌رۆكى سووريا بگاته‌ ديمه‌شق.

K24 – هه‌ولێر:

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌م نزيكانه‌ حه‌يده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق بۆ ديدارى به‌شار ئه‌سه‌دى سه‌رۆكى سووريا بگاته‌ ديمه‌شق.

ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ كوتله‌ى ده‌وڵه‌تى ياسا جاسم محه‌ممه‌د جه‌عفه‌ر له‌ لێدوانێكدا بۆ سايتى ديجله‌ى عێراقى رايگه‌ياند، عه‌بادى ئاماده‌كارى ده‌كات بۆ سه‌ردانى سووريا به‌ مه‌به‌ستى روونكردنه‌وه‌ى روانگه‌ى عێراق له‌ باره‌ى داهاتووى ناوچه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و پشتيوانيكردنى سه‌قامگيرى و ئاسايش به‌ هاوكارى وڵاتانى دراوسێ.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتيشى: سووريا وڵاتێكى گرنگى ناوچه‌كه‌يه‌ و رۆڵى هه‌يه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و ناكرێت رۆڵى له‌به‌ر چاو نه‌گيرێت.

ئه‌وه‌شى گوت: عه‌بادى له‌ سووريا و توركيا و ئێران و سعووديه‌ و ميسر و ئه‌رده‌ن روانگه‌ى عێراق تاوتوێ ده‌كات.

ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ كوتله‌ى ده‌وڵه‌تى ياسا جاسم محه‌ممه‌د جه‌عفه‌ر ئاشكراشيكرد، كه‌ ئه‌مريكا لارى نييه‌ له‌ سه‌ردانى عه‌بادى بۆ سووريا و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د به‌و پێيه‌ى مانه‌وه‌ى به‌شار ئه‌سه‌د له‌ پۆسته‌كه‌ى بووه‌ته‌ پێويستييه‌كى گرنگ بۆ ئه‌مريكا.