خەبات و تێکۆشان بەردەوامە

Kurd24

ئێمە خەباتێکی هەق و جوان و ڕەوامان پەنجا و شەش ساڵ بەر لە ئێستا لە باشووری کوردستان دەستپێکرد، نەک لەبەر ئەوەی ئارەزوومان لە خەباتێکی هەق و ڕەوا و جوان بوو، بەڵکو ناچارکراین، دەست بۆ خەباتێکی درێژخایەن ببیەن، مل بدەینە شۆڕشێکی هەق و شایستە، چونکە ڕێگایان پێنەدەداین جوان بژین. ئێمە دەستمان بەو خەباتە کرد و داهاتووشمان نەدەبینی، بەڵام بڕوامان بە سەرکەوتنێكی تەواو هەبوو، سەرکەوتنێک کە شایستەی نەوەکانمان بێت و لەژێریەوە ئاسوودە بژین و ژێانێكی بەختەوەر و هێمنمان هەبی.

دەزاندرا، خەبات بێ قوربانیدان و بەرزی و نزمی نابێ، بێ برسیبوون و سەرما و گەرما نابێ، لەگەڵ ئەوەش لەسەری بەردەوامبووین و لە تێکۆشان نەوەستاین و هیچ کاتێکیشمان بۆ ئەو خەباتە درێژخایەنە دیاری نەکردبوو، تا دوا دڵۆپ، تا دوا هەناسە، تا سەرکەوتن، ئامادەبووین لەسەری بەردەوامبین.

خەباتی کورد بۆ چینێکی دیاری کۆمەڵ نەبوو، لەلایەن چینێکی دیاریش بەڕێوە نەدەچوو و لەسەر کەسیش ئەو خەباتە تاپۆ نەکرابوو، بۆیە هەموو کوردێک ئەو خەباتەی بە خەباتی خۆی لەقەڵەم دەدا، چەکی شەڕەفی شۆڕشی دەخستە شان و لەلایەن جەماوەری تێکۆشەر وەک هەڵۆ سەیر دەکرا و پێشوازی لێدەکرا.

سی ساڵ دوای یەکەم بڵێسەی شۆڕش و یەکەم بڕیاری بەردەوامبوون لە خەباتی درێژخایەن، یەکەم هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، یەکەم حکومەتی کوردی راگەێندرا، یەکەم هەنگاو بۆ سەربەخۆیی و دەستی پێکرد و یەکەم جاریش بوو هاوڵاتییانی کوردستان هەناسەی ئازادییان هەڵمژی، هەناسەیەک لەگەڵ کات هەموو جومگەکانی ژیانی گرتەوە...

تا پێش ماوەیەک، لەوبڕوایەدابووین، ئەو خەباتەی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دەمێکبوو دەستمان پێکردبوو، بە ئامانج گەیشتین، بەڵام مێژوو پیشانیدا، هێشتا بۆ سەرکەوتن ماوە و دەبی بەهەمان هەناسەی پێشتر لەسەری بەردەوام بین، دەبی جۆری خەبات بگۆڕین و لە پێش هەمووشیانەوە یەک دەست و یەک دڵ بین و تەبایی لەناو ڕیزەکانی کۆمەڵ دروست بکەین و بپارێزین، چونکە هێز و سەرکەوتنی کورد لە یەک ریزیدایە.

پێش کۆتایی هێنان بۆ ئەم گوتارەم، دەبی ئەوەش بنووسم، زۆر ئاسانە بۆ ئێمە، ڕەخنە لە هەڵوێست و کارەکانی دوێنێ و پێرێ و ساڵێک بەر لە ئێستای حزب و لایەنەکانی کوردی بگرین، لەراستیدا هیچ پێویستیش ناکا، لە سیاسەت شارەزا و پسپۆربین، بۆئەوەی تێبگەین، دەرەنجامی هەڵوێست و هەنگاوەکان ڕێک و دروست بوو یانیش کەموکورتییان هەبوو، بەڵام ئەوەی ئێمە نایزانین، ناکرێ بە چاوی ئەمڕۆ لە دوێنێ و پێرێ و ساڵێک بەر لەئێستا بڕوانین، بە هەمان شێوە، کە ناتوانین  بەیانی و دووبەیانی و ساڵی داهاتوو ببینین.

ئێمە ئەوەش باش نازانین، کە خەباتمان بۆ پرسێکی زۆر هەق و ڕەوا کرد و وامان دەزانی، پاپۆڕمان بۆ لەنگەر بردووە، نەمان زانی ئەو خەباتە تێکۆشانی زیاتری دەوێ، قوربانی زۆرتری دەوێ. ویستنی قوربانی زۆرتر، تێکۆشانی زیاتر، قەت کوردی نەترساندووە و لە شۆڕش سڵی نەکردۆتەوە و ماندووی نەکردووە، کە هیچ پێویست بە سەلماندن ناکا، دۆست و دوژمن بینیویانە.

ئەگەر چاوێک بە مێژووی بزوتنەوەی رزگاری خوازی کورد بخشێنین، تێدەگەین، لەم شۆڕشە یەک لەدوای یەکانەی کوردستان وانەیەکی زۆر گرنگ فێربووین: ئارەزووی کورد بۆ سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی، تا ئێستا، هیچ هێزێک نەبووە بتوانی پێشی بگری، بۆیە خەبات تا سەرکەوتن بەردەوامە، چونکە هەقە، لە هەقیش رووبار دەوەستێ و ئاسن دەتاوێتەوە...