نه‌جمه‌دین كه‌ریم: نزیكتر له‌و كاته‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كوردستان ده‌بێته‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ

"بارزانی ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی درێژبكرێته‌وه‌"

K24 - هه‌ولێر:

نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركووك له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "سی ئێن ئێن"ـی ئه‌مریكی رایگه‌یاند: "كارێكی ئاساییه‌ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی درێژبكرێته‌وه‌و خه‌ونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان_یش هێشتا زیندووه‌".

نه‌جمه‌دین كه‌ریم به‌ كه‌ناڵه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ی گوتووه‌: "ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی بارزانی كۆتاییهاتووه‌، پێشتر به‌ڵێنی به‌ گه‌لی كوردستان دابوو كه‌ نایه‌وێت ماوه‌كه‌ی درێژبكرێته‌وه‌و خۆیشی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو هه‌ڵنابژێرێ، ئه‌وه‌ش كارێكی سرووشتییه‌ كه‌ ده‌یكات، ئه‌و ئاڵای ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی به‌رزكرده‌وه‌، ریفراندۆمه‌كه‌ش زۆر به‌ ئاشتیانه‌ كرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كاردانه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق و وڵاتانی دراوسێ زۆر توند بوو، به‌ڵام خه‌ونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان هێشتا زیندووه‌، به‌رده‌وام باوه‌ڕی به‌هێزم به‌وه‌یه‌ رۆژێك له‌ رۆژان كوردستان ده‌بێته‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و نزیكتر له‌و كاته‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت".

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا هه‌رێمی كوردستان له‌ لێكدانه‌وه‌كانیدا ده‌رباره‌ی كاتی ریفراندۆم هه‌ڵه‌ی كردووه‌؟، نه‌جمه‌دین كه‌ریم گوتوویه‌تی: "پێش ریفراندۆم خۆپیشاندانی پاڵپشتی هه‌بوو، هیچ لایه‌نێكی سیاسی نه‌یگووت دژی ریفراندۆمین و پاڵپشتی سه‌ربه‌خۆییان ده‌كرد، ته‌نها كه‌سێكیش كه‌ نه‌یاری ریفراندۆم بوو، نه‌یتوانی زیاتر له‌ دوو هه‌زار كه‌س كۆبكاته‌وه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئێمه‌ ده‌مانزانی مه‌ترسی هه‌یه‌، رۆیشتن به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی سه‌یران نییه‌، پێشبینیمان ده‌كرد ده‌ره‌نجامی هه‌وڵدان بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌و وڵاته‌ی زیاتر له‌ 100 ساڵه‌ سته‌ممان لێده‌كات و دامانده‌پڵۆسێت هه‌ر واده‌بێت، به‌ڵام پێشبینیمان نه‌ده‌كرد دۆستان و ئه‌و كه‌سانه‌ی هاوشانیان جه‌نگاین و ته‌نها به‌رگریمان له‌ وڵاتی خۆمان نه‌كرد و به‌رگریمان له‌ وڵاته‌كه‌ی ئه‌ویش كرد له‌ شه‌ڕی دژی داعش، به‌ڵام له‌ سه‌نگه‌ری سته‌مكاره‌كاندا بوه‌ستێت و پاڵپشتیان بكات".

نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ "ئه‌م ریفراندۆمه‌ پێویسته‌ هه‌ر بگاته‌ ئه‌نجام، به‌شێویه‌كی كاتی هه‌ندێك ناوچه‌ كه‌ كێشه‌ له‌سه‌ر نییه‌ و داگیركراوه‌ له‌ ده‌ستمانداوه‌، داوامان كرد پاش ریفراندۆم گفتوگۆ بكرێت كه‌چی ره‌تیانكرده‌وه‌، به‌ڵام گه‌له‌كه‌مان پاڵپشتی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ بڕیاری لێدا، وه‌ك سه‌رۆكی كۆچكردووی ئه‌مریكی جۆن كینیدی ده‌ڵێت (سه‌ركه‌وتن هه‌زار باوكی هه‌یه‌ و شكست هه‌تیووه‌) به‌ڵام ئێمه‌ كه‌ركووك ده‌گێڕینه‌وه‌ كه‌ ئێستا كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست هێزه‌كانی عێراقی".