نه‌تانیاهۆ: ئێران هه‌وڵی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ناوچه‌كه ده‌دات
K24 - هه‌ولێر:
بنیامین نه‌تانیاهۆ، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل ته‌ئكیدی كرده‌وه كه "وڵاته‌كه‌ی سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران، یان هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه یان هه‌مواربكرێته‌وه ، چونكه تاران هه‌وڵده‌دات باڵ به‌سه‌ر ناوچه‌كه و جیهاندا بكێشێت".
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل، له میانی دانیشتنی هه‌فتانه‌ی حكومه‌تی ئیسرائیل‌دا، نه‌تانیاهۆ گوتوویه‌تی: "ئیسرائیل نه‌یاری رێككه‌تننامه‌ی ئه‌تۆمییه له‌گه‌ڵ ئێران، چونكه به‌ره‌و ئه‌وه سه‌رده‌كێشێت، تاران چه‌كی ناوكی هه‌بێت".
هه‌روه‌ها باسی ئه‌و پرس و بابه‌تانه‌ی كردووه كه رێككه‌تنه‌كه له خۆی نه‌گرتووه وه‌ك "دوژمنكارییه‌كانی ئێران له ناوچه‌كه و تۆڕه تیرۆریستییه‌كانی ئێران و پرۆگرامی په‌ره‌پێدانی مووشه‌كی بالیستی".
سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل ده‌ڵێت: "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ساڵی 1994 رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور كرا، به‌ڵام تا ئێستا په‌ره به پرۆگرامه مووشه‌كی و ئه‌تۆمییه‌كانی ده‌دات، بینیمان چی روویدا، به‌ڵام ئێران30 هێنده‌ی كۆریای باكوور له رووی ئابوورییه‌وه به‌هێزتره‌و خواستی ئه‌وه‌یشی هه‌یه ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه‌كه و جیهاندا بگرێت".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه "هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی ئه‌مریكی و رووسی و ته‌نانه‌ت عه‌ره‌بی نابینینه‌وه كه رێگه بده‌ن ئێران له ناوچه‌كه‌دا خۆی رێكبخات و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی بدات".