توركمانه‌كان له‌ كه‌ركووك ناوى شه‌قامى شه‌هيد شێركۆ شوانى ده‌گۆڕن

به‌رده‌وامن له‌ سڕينه‌وه‌ى مۆركى كورديانه‌ى شارى كه‌ركووك

K24 – هه‌ولێر:

توركمانه‌كانى سه‌ر به‌ جه‌بهه‌ى توركمانى و حه‌شدى توركمانى له‌ شارى كه‌ركووك كۆبوونه‌وه‌ و ناوى شه‌قامى شه‌هيد شێركۆ شوانيان گۆڕى.

به‌ گوێره‌ى زانيارى په‌يامنێرى كوردستان 24، ميليشياكانى حه‌شدى توركمانى و جه‌بهه‌ى توركمانى له‌ پێشه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ بوون كه‌ ئاڵاكانى كوردستانيان له‌ شه‌قامه‌كانى كه‌ركووك داگرت و وێنه‌ى شه‌هيدانى پێشمه‌رگه‌يان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان لابردن.

وه‌ك له‌و وێنانه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌كارهێنه‌رانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان بڵاويانكردووه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر باره‌گاى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان، جه‌بهه‌ و حه‌شدى توركمانى، ئاڵاى جه‌بهه‌يان هه‌ڵواسيوه‌.

له‌ نوێترين ره‌فتاريشياندا ناوى شه‌قامى شه‌هيد شێركۆ شوانيان گۆڕيوه‌ بۆ ناوى كه‌سێكى توركمانى.

هاوكات ميليشياكانى حه‌شدى توركمانى و جه‌بهه‌ى توركمانى له‌ زۆربه‌ى قوتابخانه‌كانى كه‌ركووك ئاڵاى كوردستانيان داگرتووه‌ و ته‌نانه‌ت سه‌رجه‌م ئه‌و پۆسته‌ر و ئاڵا و هێمايانه‌شيان لابردووه‌ كه‌ ئاماژه‌يان بۆ كورد و كوردستان تێدايه‌.

له‌ دواين سه‌ردانيشياندا بۆ لاى ره‌جه‌ب ته‌يب سه‌رۆك كۆمارى توركيا، نوێنه‌رانى جه‌بهه‌ و حه‌شدى توركمانى داوايانكردبوو، توركيا پشتيوانيان بكات بۆ ناساندنى كه‌ركوك وه‌ك شارێكى توركمانى و به‌ تورك كردنى شاره‌كه‌.

ئه‌م رووداوانه‌ له‌ دواى ئه‌وه‌ رووياندا كه‌ شه‌وى 16ى ئۆكتۆبه‌رى رابردوو، ژماره‌يه‌ك به‌رپرسى يه‌كێتى خيانه‌تيان له‌ پێشمه‌رگه‌ كرد و رێگه‌يان بۆ ميليشياكانى حه‌شد و جه‌يش خۆشكرد تا شاره‌كه‌ داگير بكه‌ن.