نه‌تانیاهۆ هه‌واڵێكی خۆش له‌باره‌ی درووستبوونی هاوپه‌یمانێتییه‌ك دژی ئێران راده‌گه‌یه‌نێ
K24 - هه‌ولێر:
بنیامین نه‌تانیاهۆ، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل، خۆشحاڵی خۆی به درووستبوونی هاوپه‌یمانێتی نێوان وڵاته سوننه مه‌زهه‌به‌كان ده‌ربڕیوه‌و گوتوویه‌تی: "هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران بووه‌ته هۆی درووستبوونی جۆره هاوپه‌یمانێتییه‌ك كه پێشتر جێگه‌ی باوه‌ڕ نه‌بووه بیری لێبكرێته‌وه".
نه‌تانیاهۆ له‌وكاته‌ی له ناوه‌ندی "شاتام هاوس" له له‌نده‌ن گوتارێكی پێشكه‌شكردووه گوتوویه‌تی: "ئه‌و مه‌ترسییه‌ی ئێران له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر دراوسێكانی درووستیكردووه، ژماره‌یه‌ك وڵاتی هانداوه هاوپه‌یمانێتی پێكبهێنن كه زۆر جار باوه‌ڕ ناكه‌یت ئه‌و پێشڤه‌چوونه به‌و ئاراسته روویداوه‌و ئه‌و وڵاتانه‌ی له یه‌كتری كۆكردووه‌ته‌وه".
سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل ده‌ڵێت: "ئێران یه‌ك له دوای یه‌ك ده‌ستی وه‌رداوه‌ته ناو وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، یان راسته‌وخۆ داگیری كردووه، یان به‌هۆی بریكاره‌كانی له ناوچه‌كه‌دا، لوبنان و یه‌مه‌نی كۆنترۆڵكرد و ئێستا هه‌وڵی هه‌مان سیناریۆ له عێراق و سووریا ده‌دات".
نه‌تانیاهۆ ده‌ڵێت: "به‌ڵام هه‌واڵه خۆشه‌كه ئه‌وه‌یه، وڵاتانی سوننه مه‌زهه‌ب به‌شێوه‌یه‌ك له ده‌وروی ئیسرائیل كۆبوونه‌ته‌وه، پێشتر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌بینراوه، ئه‌وه بارودۆخێكی وه‌هایه، له ژیانمدا پێشبینی روودانیم نه‌ده‌كرد".
روونیشیكردووه‌ته‌وه كه "ئیسرائیل هه‌وڵێكی زۆر ده‌دات تا هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه پێكبهێنێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگریی له دوژمنكارییه‌كانی ئێران بكه‌ن".