ئێران گه‌يشته سنوورى ئيسرائيل و پێشبينى هه‌ڵچوونى گڕكانێك له ناوچه‌كه ده‌كرێت

K24 – هه‌ولێر:
نووسه‌ر و شاره‌زاى سياسى رووسيا بيوتر سكوروباگاتى له گۆڤارى ئكسپێرت وتارێكى شيكارى بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێيدا نووسيويه‌تى: له سووريا ئێران سه‌ركه‌وتنى له به‌رامبه‌ر ئيسرائيل به‌ده‌ستهێناوه.
بيوتر سكوروباگاتى، نووسيويه‌تى: ئيسرائيل له سووريا پشتيوانى له بيرۆكه‌ى رووخاندنى ئه‌سه‌د ده‌كرد و له عێراقيش پشتيوانى له ريفراندۆمى كورد ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا ئێران گه‌يشتووه‌ته سنووره‌كانى.
ئه‌و شاره‌زايه باسى له‌وه‌شكردووه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هه‌ولێر ريفراندۆمى سڕ كرد و سه‌ره‌ڕاى بانگه‌وازه‌كانى ئه‌مريكا بۆ پاراستنى ئارامى، كه‌چى سوپاى عێراق و خۆبه‌خشه ئێرانييه‌كان گه‌يشتنه نزيك ده‌روازه‌ى پێشخابوور و به كرده‌وه په‌يوه‌ندى نێوان كوردستانى عێراق و سووريايان بڕى.
ئه‌و نووسه‌ره راى وايه ئێران ده‌يه‌وێت پردى شيعى ته‌واو بكات كه له سنوورى ئێرانه‌وه درێژ ده‌بێته‌وه بۆ ده‌رياى سپى ناوه‌ڕاست. له‌و ناوچه‌يه‌شدا 200 هه‌زار چه‌كدارى ميليشيايى سه‌ر به ئێران بڵاوبوونه‌ته‌وه و به ته‌واوكردنى ئه‌و پرده ئێران به خێرايى و به ئاسانى ده‌توانێت چه‌ك و پێداويستى سه‌ربازى بگه‌يه‌نێته سنوورى ئيسرائيل.
هه‌روه‌ها نوسيويه‌تى: ئيسرائيل زيانمه‌ندى سه‌ره‌كييه به تايبه‌تى له كاتێكدا كه هێشتا نازانێت چۆن سنووره‌كه‌ى له به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه و هێزى ئێران‌دا بپارێزێت.
بيوتر سكوروباگاتى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه، پێشتر راوێژكارى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى ئيسرائيل و سه‌رۆكى به‌شى توێژينه‌وه‌كانى ده‌زگاى ئاسايشى ئيسرائيل عوزى عراد، رايگه‌ياندبوو، گه‌يشتنى ئه‌و هێزانه به سنوورى ئێران له چه‌كى ناووكى مه‌ترسيدار تره.
ئه‌و شاره‌زايه به دووريشى نازانێت به‌ريه‌ككه‌وتنێك رووبدات له ناوچه‌كه كه سه‌ر بكێشێت بۆ هه‌ڵچوونێكى گڕكانى.
عوزى عراد، ئه‌وه‌شى وتبوو، كه ئێرانييه‌كان زۆر پابه‌ندى هه‌ڵوێسته‌كانيانن له هه‌مبه‌ر ئيسرائيل و ده‌توانن كرده‌وه‌ى دوژمنكارانه‌ى سه‌ربازى دياريكراو ته‌نانه‌ت به‌رفراوانيش له دژى ئيسرائيل ئه‌نجام بده‌ن.
ئه‌و شاره‌زا ئيسرائيلييه روونيشيكردووه‌ته‌وه، كه گه‌يشتنى هێزه‌كانى ئێران بۆ دوورى 10 تا 20 كيلۆمه‌تر له سنووره‌كانى ئيسرائيل، ره‌وشێك دێنێته ئاراوه كه هه‌رگيز سه‌قامگيرى به خۆوه نابينێت.
عوزى عراد باسى له‌وه‌شكردووه، كه هه‌ڵوێسته‌كانى ئيسرائيل له سه‌ره‌تاى شه‌ڕى سوورياوه هه‌ڵه‌بوون، كه پێى وابوو به‌شار ده‌كه‌وێت و بير‌ى له‌وه نه‌كردبوويه‌وه كه ئێران و رووسيا دێنه ناو شه‌ڕه‌كه‌وه.